له‌باره‌ی حه‌جی بازرگانییه‌وه‌ بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرە رونکردنەوه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرە رایگه‌یاند تائێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن عەرەبستانی سعودییەوە نییە سەبارەت بە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ، داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات خۆیان بە دوربگرن لە دابینکردنی حەجی بازرگانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە:"چەند رۆژێكە لە لایەن هەندێ سایت و پەیجەوە، بانگەوازی ئەوە دەكرێت كە حەجی بازرگانی بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت،ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هاوڵاتیان دەكەینەوە كە تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەلایەن عەرەبستانی سعودیەوە بەدەستمان نەگەیشتوە سەبارەت بە هەبونی پرۆسەی حەج بۆ ئەمساڵ و هەر زانیارییەكیش هەبێت ئەوا بە شێوەیەكی فەرمی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە بڵاویدەكەینەوە.

داوایشیکرد،" داوا لە هاوڵاتیان دەكەین كە خۆیان بە دوربگرن لەم بانگەوازە بێ بنامایانە و سامانی خۆیان بە هەردەر نەدەن".

جەختیلەوەشکردەوە،" بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بە مافی خۆی دەزانێت كە رێكاری كارگێری و یاسایی لە دژی هەر كەسێك بگرێتە بەر كە بیانەوێ بەناوی ئایین و پرۆسەی حەجەوە فێڵ لە هاوڵاتیان بكەن".

ساڵی پار بەهۆی رێککارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا، عەرەبستانی سعودییە رێگەی نەدا هیچ هاوڵاتییەکی بیانی بەمەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج رو لە وڵاتەکەی بکات و بۆ ئەمساڵیش تائێستا هیچ بڕیارێکی نوێی نەداوە".