دیجیتال میدیای سپێده
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا، بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرکۆمار بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی سەرکۆماری نوێ ھەڵدەبژێردرێت.
رۆژی ھەشتی ئەم مانگە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح داوای لە دادگای باڵای فیدراڵی کردبوو کە ماددەی ٧٢ی دەستوور راڤە بکات تاوەکو بتوانێت درێژە بەکارەکانی بدات و بۆشایی دەستووریی دروست نەبێت.
نووسینگەی راگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی وەڵامی داواکەی بەرھەم ساڵح-ی داوەتەوە و رایگەیاندووە "بۆ ئەوەی بۆشایی دەستووریی دروست نەبێت، دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیارداوە، بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرکۆمار بەردەوام بێت، تا ئەو کاتەی سەرکۆماری نوێ ھەڵدەبژێردرێت".
بڕیاربوو، رۆژی حەوتی شوباتی ٢٠٢٢، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ دانیشتنەکە تەواونەبووە دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا، ئەمەیش دوای ئەوەی رۆژی ٣١ی مانگی رابردوو ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناوی ٢٥ کاندیدی بۆ پۆستی سەرکۆمار کە پەسەندکرابوون راگەیاندبوو.
ھاوکات لەگەڵ دانیشتنەکەی رۆژی حەوتی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ماوەی چوار ساڵی سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح کۆتایی ھات.
بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەوە دەنگی پێ بدرێت.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی شۆباتی ٢٠٢٢، دوایین وادەیە بۆ ئەوەی کاندیدانی پۆستی سەرکۆماری عێراق سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.
دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، رۆژی نۆی ئەم مانگە کرابوویەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی رۆژانی ھەینی و شەممە پشووبوون، ئەمڕۆ وەک دوایین وادە دیاریی کراوە بۆ ئەوەی کاندیدانی پۆستی سەرکۆماری عێراق سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانە رانەگەیاندووە کە خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ٣٧ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندیدکردووە.