ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری ده‌گه‌یەنێته‌ ئاواره‌كانی شنگال

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

شنگال -KDP.info- قایمقامی قه‌زای شنگال  گوتی، دوای ڕێگریكردن له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی له‌وه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری پێشكه‌شی ئاواره‌كانی شنگال بكات، به‌ بڕیاری پارێزگاری مووسڵ و له‌سه‌ر داوای ئیداره‌ی شه‌رعیی قه‌زای شنگال جارێكی دیكه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری پێشكه‌شی ئاواره‌كانی شنگال ده‌كات.

مه‌حما خه‌لیل، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌و ئاوارانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شنگال هاتنه‌ لای ئێمه‌ و داوایان كرد جارێكی دیكه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بێته‌ شنگال و هاوكارییان پێشكه‌ش بكات، چونكه‌ حكوومه‌تی عێراق هیچ هاوكاریه‌كیان پێشكه‌ش ناكات و پێشتریش حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌ ڕێگرییان ده‌كرد ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاوكارییان بكات، بۆیه‌ هاوكارییه‌كان ڕاگیرا بوون."

قایمقامی قه‌زای شنگال گوتیشی: "ئێمه‌ش داواكاریی خه‌ڵكی شنگالمان گه‌یانده‌ پارێزگاری مووسڵ، ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندیی دا له‌سه‌ر داواكاریی ئێمه‌ و بڕیاری دا كه‌ به‌ هێزی خۆیان بنكه‌كان و كارمه‌ندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خه‌ڵكی شنگال بپارێزن."

خه‌لیل باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌وانه‌ی له‌ چیای شنگال و شه‌رفه‌دین و كه‌مپه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كانی كۆبه‌ل و زۆراڤا و سه‌نته‌ری سنوونێ و سیپا شێخ خدر و كۆچۆ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری شنگالن، زیاتر له‌ 70هه‌زار كه‌س ده‌بن."

گوتیشی: "تاوه‌كو هێزه ناشه‌رعییەکان له‌ شنگال بن دۆخه‌كه‌ ئارام نابێت و ڕێكخراوه‌كان ئاماده‌ نین هاوكارییان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی هاوكاریی خه‌ڵكی شنگال ده‌كه‌ن، ئیداره‌ی ناشه‌رعی به‌ربه‌ستیان بۆ دروست ده‌كه‌ن و ڕێگری ده‌كه‌ن لەوەی هاوكارییان بكەن."

بڵند ئیبراهیم