سەرۆکی یەکێتیی زانایان: ھەرکەسێک ببێتە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گوناھێکی گەورەیە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستان داوا لە ھاووڵاتیان دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەت بن و نەبنە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. دەشڵێ، ھەرکەسێک لە دەرەوە گەڕابێتەوە و سەردانی نەخۆشخانەی نەکردبێت گونەھبارە و کەسێک بەوھۆیەوە گیان لەدەست بدات ئەوە تووشبوویانی کۆرۆنا بکوژی ئەو کەسەن لە ڕووی شەرعییەوە.

دکتۆر عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڵاوکردنەوەی ھەر ھەواڵ و زانیارییەک لە دەزگاکانی ڕاگەھاندن و سۆشیالمیدیا ببێتە ھۆکاری گەیاندنی زیان بە ھاووڵاتیان لە ڕووی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە گوناھێکی گەورەیە، پێویستە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان ھاووڵاتیان بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و ھەواڵ و زانیاریی بێبەنەما بڵاو نەکرێتەوە، خوای گەورەش بەڕوونی ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگندەی بێبنەما کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بەباشی ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و ئەرکی ھەموو ھاووڵاتیانە ھاوکاریان بن."

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستان گوتی: "ھەرکەسێک لە یەکێک لەو وڵاتانەی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە گەڕابێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و پێویستە بە زووترین کات خۆیان ڕادەستی لایەنی پەیوەندار بکەن و بەپێچەوانەوە گونەھبارن و گوناھی ئەوانەیش ھەڵدەگرن کە ڤایرۆسەکەیان لێ وەردەگرن."

دکتۆر عەبدوڵڵا سەعید جەختی کردەوە: "ئەگەر بێت و کەسێک بزانێت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، یانیش لە وڵاتێکی بیانی گەڕابێتەوە و سەردانی نەخۆشخانەی نەکردبێت و ببێتە ھۆکاری مردنی کەسانی دیکە ئەوە بە بکوژی مرۆڤ ھەژمار دەکرێت، لەبەر ئەوەی لە ڕووی شەرعییەوە کەسێک نەخۆشیی ھەبێت و چارەسەری خۆی نەکات، ئەوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەبێتە گوناھێکی زۆر گەورە لەسەری، ئێمە لە یەکێتیی زانایان داوا لە ھەموو ھاووڵاتیان دەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەت بن و لە کاتی ھەبوونی ھەر گومانێکدا سەردانی نەخۆشخانە بکەن."

قائید میرۆ