له‌سه‌دا 60ی وێستگه‌كانی نه‌وه‌ی پێنجه‌م (5G) له‌ جیهان له‌ چینە

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


١،٤٣ ملیۆن وێستگه‌ی نه‌وه‌ی پێنجه‌م (5G) له‌ چینە، به‌مه‌یش ئه‌و وڵاته‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی له‌سه‌دا ٦٠ی ژێرخانی نەوەی پێنجەمە له‌ جیهان.

وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیی و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری لە چین رایگه‌یاند له‌ كۆتایی ٢٠٢١ه‌وه‌ هه‌ر ١٠ هه‌زار به‌كارهێنه‌رێك ١٠،١ وێستگه‌ی نه‌وه‌ی پێنجه‌میان به‌رده‌كه‌وێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ کە له‌ كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه‌، ژماره‌ی ئه‌م جۆره‌ وێستگانه‌ له‌ چین گه‌یشتووه‌ته‌ ١،٤٣ ملیۆن و ئه‌مه‌یش ده‌كاته‌ نزیكه‌ی له‌سه‌دا ٦٠ی ژێرخانی ته‌واوی جیهان.

تیشكیشی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قەبارەی وه‌به‌رهێنان لە نه‌وه‌ی پێنجه‌م له‌ ٢٠٢١ گه‌یشتووه‌ته‌ ٢٩ ملیار دۆلار، هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی نه‌وه‌ی پێنجه‌م له‌ چین له‌ ٢٠٢٣ بگاته‌ ٥٦٠ ملیۆن و ئامانجیشیان ئه‌وه‌یە ژماره‌ی وێستگه‌كانی نه‌وه‌ی پێنجه‌م بۆ هه‌ر ١٠ هه‌زار به‌كارهێنه‌رێك بگه‌یه‌ننه‌ ١٨.