سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە عێراق بە رەوشێکی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت و گوتی: "کەسانێک ھەن کە ھەوڵی نانەوەی دووبەرەکیی تایفیی دەدەن".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە مستەفا کازمی سەردانی شاری نەجەفی کردووە و لە میانی رێورەسمێکدا، پەردەی لەسەر دووەم منارەی مەزراگەی ئیمام عەلی لاداوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی رێورەسمەکەدا رایگەیاندووە کە عێراق بە رەوشێکی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت و گوتوویەتی "کەسانێک ھەن کە ھەوڵی نانەوەی دووبەرەکیی تایفیی دەدەن، ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتیکردن یەکتری ھەیە و گرنگە ھەموومان بە یەک تیم کار بکەین لە پێناو ئایندە".
باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەوڵ بدرێت نەجەف بکرێت بە خاڵی بەیەک گەیشتن.