عێراق.. ھەزار و 300 کەس بەتۆمەتی بازرگانییکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکران

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە لە میانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، ھەزار ٣٠٠ کەس بەتۆمەتی بازرگانییکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن بۆ بنبڕکردنی ماددەی ھۆشبەر سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بیلال سوبحی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی مانگی رابردوودا، ھەزار ٣٠٠ کەس بەتۆمەتی بازرگانییکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.

بیلال سوبحی ئاشکراشی کردووە کە ھەر لە میانی مانگی رابردوودا، دەست بەسەر ٣٢ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر، ھەروەھا یەک ملیۆن و ١١٧ ھەزار حەبی ھۆشبەر لە جۆری کپتاگۆن-دا گیراوە و گوتی: "چەتە تاوانکارەکان ھەوڵدەدەن لە رێگای بەقاچاخھێنانی ماددەی ھۆشبەر بۆ عێراق، کۆمەڵگا و ئابووریی نیشتمانیی بڕووخێنین".

ئاماژەی بەوەیش دا کە ژمارەیەک بازرگانیی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق پەیوەندییان بە بازرگانانی نێودەوڵەتیی ماددەی ھۆشبەرەوە ھەیە و گوتی: "وەزارەتی ناوخۆ، زانیاری ھەیە لەسەر ناوی ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن لە ناوخۆ عێراق کە پەیوەندییان هەیە بە بازرگانان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی".

ھەروەھا راشیگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن لە بیابانەکان خۆیان حەشار دەدەن، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر نەکرێن.