له‌ به‌ڕازیل شه‌ش كه‌س به‌هۆی لافاوه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ستدا

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌وه‌ له‌ ویلایه‌تی ریۆ دێ جانێرۆ باشووری رۆژهەڵاتی به‌ڕازیل، لافاو روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا.

وه‌زیری گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمیی به‌ڕازیل، رۆگیرۆ مارینهۆ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ شاری پێترۆپۆلیس ناوچه‌ی شاخاویی ریۆ دێ جانێرۆ به‌هۆی بارانی به‌خوڕه‌وه‌ ئاستی ئاوی رووباره‌كان به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌ ٥٢ شوێنیش هه‌ره‌سی زه‌وی روویداوه‌.

رۆگیرۆ مارینهۆ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدان و هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن کە لافاوه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست كردوون و له‌ ناوچه‌ جێ مه‌ترسییه‌كان ده‌ژین و بێ لانه‌ بوون.

له‌و دیمه‌نانه‌ی له‌ تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییەکاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، هه‌ره‌سی زه‌وی له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان به‌دی ده‌كرێت، لافاو كۆڵان و پاركه‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌، ئۆتۆمبێل و پاسه‌كان ژێرئاو كه‌وتوون و راده‌كێشرێن.

له‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ راگه‌یاندنی به‌ڕازیلدا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و بارانه‌ی پێشبینی ده‌كرا به‌ درێژایی مانگی شوبات ببارێت له‌ ماوه‌ی شه‌ش كاتژمێردا باریوه‌.

تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌، باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ سێ كه‌س بێ سه‌روشوێن بوون، زیاتر له‌ ١٢٠ كارمه‌ندی ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی هه‌ره‌سی زه‌وی روویداوه‌ سه‌رقاڵی كاره‌كانی گه‌ڕان و رزگار كردنن.

له‌و كاره‌ساتی لافاوه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١١دا له‌ شاره‌كه‌ روویدا و بووه‌ تراجیدیا، زیاتر له‌ ٩٠٠ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاد له‌ ١٠٠ كه‌سیش بێ سه‌روشوێن بوون.