ناتۆ: پاشەکشەی هێزەکانی رووسیامان نەبینیووە، بەڵام گەشبینانە لە بارودۆخەکە دەڕوانین

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، نەمانبینیووە رووسیا هێزەکانی لە سنووری ئۆکراینا بکێشێتەوە، بە پێچەوانەوە کۆکردنەوەی سەربازان لەلایەن رووسیاوە درێژەی هەیە، بەڵام دووبارە گەشبینین بەو پەیامەی دوێنێ لەلایەن مۆسکۆوە بڵاوکرایەوە.

وەزیرانی بەرگریی ناتۆ، دوابەدوای کۆکردنەوەی سەربازان لەسەر سنووری ئۆکراینا لەلایەن رووسیا و زیادبوونی گرژی و ئاڵوزییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە.

یانس ستۆڵتنبێرگ بەر لە کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان، رایگەیاند "کێشانەوەی هێزەکانمان لەلایەن رووسیاوە نەبینیووە، بە پێچەوانەوە کۆکردنەوەی سەربازان لەلایەن رووسیاوە بەردوامی هەیە".

سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد لەئێستادا، هیچ وڵامێکی ئەرێنیمان لەلایەن رووسیاوە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان بەڕێگەی دیالۆک پێنەگەییشتووەتەوە و گوتیشی: "ناتۆ دووبارە پێشنیازی چارەسەرکردنی کێشەکانی کردووە بە رێگەی دیالۆگ، بەڵام دووبارە لە ئامادەباشیداین بۆ "هەر ئەگەرێکی خراپ" و ئەگەر بێت و رووسیا بیەوێت ئۆکراینا داگیر بکات باجێکی زۆر قورس دەدات".

ستۆڵتنبێرگ دوای هەواڵی بڵاوبوونەوەی کێشانەوەی سەربازانی رووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکراینا، بەم شێوەیە هەڵسەنکاندنی بۆ بابەتەکە کرد:

"گەشبینین بەو ئاماژە و پەیامانەی دوێنی لەلایەن مۆسکۆوە پێمان گەیشت. لەبەر ئەوەی ئەمە پەیامێکی دیپلۆماسی بوو، ئێمەش بۆ رووسیا دەرگامان واڵایە بۆ هەر کۆبوونەوە و دانوستانێکی دیپلۆماسییانە، بەڵام هیچ هەوڵێکی جیددیمان لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە نەبینی. ئەم دۆخەش لەگەڵ پەیامە دیپلۆماسییەکان یەک ناگرێتەوە. پێویستە بە کردەوە کشانەوەی هێزەکان بینین. لە نزیکەوە ئاگاداری جموجۆڵ و چالاکییەکانی هێزەکانی رووسیاین لەسەر سنوور و دەورووبەری ئۆکراینا. ئەوەی دەیبینین زیادکردنی ژمارەی سەربازانیەتی بۆسەر سنوورەکان".

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد "بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییی گواستنەوەی چەندین تانکی سەربازیی رووسیا، ئاماژە بەوە دەکات رووسیا بەردەوامە لە زیادکردنی هێزەکانی".