عه‌لی شه‌مخانی: جگە لە بەرنامە ئەتۆمییەكە هیچ دانوستانێكی دیكەمان لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا نییە

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سكرتێری گشتیی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، رایگه‌یاند "جگه‌ له‌ دانوستانه‌كانی ڤییه‌نا كه‌ له‌ باره‌ی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانه‌، هیچ دانوستانێكی دیكه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا نییه‌".

عه‌لی شه‌مخانی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر له‌باره‌ی دانوستانه‌كانی ڤییه‌نا نووسیویه‌تی "ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی تایبه‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ شكستیان هێناوه‌".

سكرتێری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران رایگه‌یاندوه‌ "رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، له‌ بواری ئابووریی و هه‌ڵگرتنی سزاكان، تا ئێستا وه‌ك قاوغێكی ناوبۆش وایه‌ بۆ ئێران.

جگه‌ له‌ دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ش ئێمه‌ هیچ دانوستانێكی دیكه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكای پێشێلكه‌ری رێككه‌وتنه‌كه‌ و ئه‌ورووپا نییه‌ كه‌ به‌رپرسیارییه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌جێنه‌هێناوه‌".

دانوستانه‌كانی ڤییه‌نا له‌ باره‌ی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانه‌وه‌ به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی باڵای رووسیا، چین، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، به‌ڕیتانیا و ئێران به‌رده‌وامه‌.