سەرچاوەیەك بۆ سپێدە: ئەستەمە پەڕلەمانی عێراق گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار بكات

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا بۆ سپێدە رایگەیاند: لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆكی بانكی ناوەندی عێراق ئەنجامبدرێت، ئەستەمە گۆرانكاری لە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقیدا بكرێت بەڵام ڕەنگە هەندێ بڕیاری تر بدرێت كە موقتەدا سەدر لە پێشنیارەكانی خۆی ئاماژەی پێدا بوو.

بە پێی ئەو سەرچاوەی بە سپێدەی ڕاگەیاندوە: لە دانیشتنی سبەی پەڕلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆكی بانكی ناوەندی عێراق پێشبینی دەكرێت چەند بڕیارێك بدرێت، لەسەر چاكسازی كردن و زیادكردنی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقیەوە بۆ بانكە ئەهلی و حكومیەكانی عێراق كە سەدر دەیەوێت ئەم كارتە لە ڕكابەرەكانی خۆی وەربگرێتەوە، سەدر بۆ ئەم مەبەستەش ناوی چەند بانكێكی هێناوە، پێدەچێت فرۆشتنی دۆلار لەم بانكانە قەدەغە بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ سپێدەی ئاشكراكرد، كە ئەگەری هەیە بڕیار لەسەر ڕێكخستنەوەی مامەڵەكردن لەسەر هەندێك بانك بدرێت، كە سەدر ئەو بانكانە بە ڕكابەری خۆی دادەنێت، دەیەوێت بەو شێوە ڕكابەرەكانی خۆی لاواز بكات و مامەڵە لەگەڵ ئەو بانكانە نەكرێت یان ڕێگری بۆ ئەم بانكانە دروست بكرێ.

لەگەڵ ئەم بڕیارانە بۆ ڕازی كردنی شەقامی عێراقی، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی شتومەك و كەل و پەلەكان لە بازاڕی عێراقی دەكرێت و میكانیزمێكی نوێ بەكاردێت بۆ چاودێری بازاڕ بۆ ئەوەی نرخی كەل و پەل زیاتر بەرز نەبێتەوە كە ئێستا بە پێی داتاكان نرخی كەل و پەل و شمەك بەرز بوەتەوە و هاوڵاتی عێراقی ناڕازین لە هەڵاوسانی نرخەكان.

ئەو سەرچاوەیە بۆ سپێدە ڕونیكردەوە كە موقتەدا سەدر چاوی لەسەر لاوازكردنی ڕكابەرەكانیەتی، بە تایبەت لایەنە شیعییەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستەش سەدر دەیەوێت سێ خاڵ جێبەجێ بكات:

یەكەم: وەرگرتنەوەی پۆستەكانی ئیداری و سیاسی و سیادی ناو عێراق لەو لایەنانەی كە سەدر لە كابینەی پێشوی عێراق ئەم هەنگاوانەی ناوە و دەیەوێت ئێستا بەردەوامی پێ بدات.

دووەم: بۆ لاواز كردنی ڕكابەرەكانی، چەكەکانی دادەماڵن، كە زۆربەیان میلیشیایان هەیە و چەكی زۆریان لەبەردەستدایە بە ناوی حەشدی شەعبی، لەژێر ناوی ڕێكخستنەوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

سێیەم: بڕیارە دەسەڵاتی دارایی لەم لایەنانە وەربگرێتەوە، لە ڕێگای كۆسپ دروستكردن بۆ بانكەكانیان، كە زۆرێك لەم لایەنانە بانكی خۆیان هەیە و ڕۆژانە مامەڵەیەكی زۆر بە پارە دەكەن و جۆرێك لە كۆنتڕۆڵ كردنی بازاری عێراقی كەوتوەتە دەست ئەم لایەنانە.

ئەمەش لەكاتێكدایە سەدر لە تویتێكدا چەند پێشنیارێكی كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی شتومەك لە بازاڕەكانی عێراقی و دابەزاندنی نرخی دۆلار كرد، بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانتارانی سەدر بانگهێشتی وەزیری دارای و سەرۆكی بانكی ناوەندیان بۆ پەڕلەمان كرد، بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە بكرێت، ئەم تویتە بە و شێوازە لێكدانەوەی بۆ كرا لە بازاڕی عێراقی كە گۆرانكاری لە نرخی دۆلاردا بكرێت و ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 145 هەزار ئەمەش داشكانێكی گەورە بوو بەرامبەر دیناری عێراقی بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوەی بە سپێدەی وتوە پێ ناچێ دەستكاری نرخی دۆلار بكرێ.