ئه‌مرۆ په‌رله‌مانى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ وتاوتوێى نرخى دۆلار ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌به‌غدا بۆ سپێده‌ رایگه‌یاند: له‌دانیشتنی ئه‌مرۆى په‌رله‌مانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی وسه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی عێراق ئه‌نجامبدرێت، ئه‌سته‌مه‌ گۆرانكاری له‌نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقیدا بكرێت به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ بڕیاری تر بدرێت كه‌موقته‌دا سه‌در له‌پێشنیاره‌كانی خۆی ئاماژه‌ی پێدا بوو.

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی به‌سپێده‌ی ڕاگه‌یاندوه‌: له‌دانیشتنی ئه‌مرۆى په‌ڕله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی وسه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی عێراق پێشبینی ده‌كرێت چه‌ند بڕیارێك بدرێت، له‌سه‌ر چاكسازی كردن و زیادكردنی فرۆشتنی دۆلار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراقیه‌وه‌ بۆ بانكه‌ ئه‌هلی وحكومیه‌كانی عێراق كه‌سه‌در ده‌یه‌وێت ئه‌م كارته‌ له‌ڕكابه‌ره‌كانی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌، سه‌در بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ناوی چه‌ند بانكێكی هێناوه‌، پێده‌چێت فرۆشتنی دۆلار له‌م بانكانه‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی بۆ سپێده‌ى ئاشكراكرد: ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ بڕیار له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ندێك بانك بدرێت، كه‌سه‌در ئه‌و بانكانه‌ به‌ڕكابه‌ری خۆی داده‌نێت، ده‌یه‌وێت به‌و شێوه‌ ڕكابه‌ره‌كانی خۆی لاواز بكات ومامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بانكانه‌ نه‌كرێت یان ڕێگری بۆ ئه‌م بانكانه‌ دروست بكرێ.

له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیارانه‌ بۆ ڕازی كردنی شه‌قامی عێراقی، گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی شتومه‌ك وكه‌ل وپه‌له‌كان له‌بازاڕی عێراقی ده‌كرێت ومیكانیزمێكی نوێ به‌كاردێت بۆ چاودێری بازاڕ بۆ ئه‌وه‌ی نرخی كه‌ل وپه‌ل زیاتر به‌رز نه‌بێته‌وه‌ كه‌ئێستا به‌پێی داتاكان نرخی كه‌ل وپه‌ل وشمه‌ك به‌رز بوه‌ته‌وه‌ وهاوڵاتی عێراقی ناڕازین له‌هه‌ڵاوسانی نرخه‌كان.