لەساڵیادی کۆچی مامۆستا شەماڵدا

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ـ كاتیك له‌وپه‌ڕى هیلاكى وناڕه‌حه‌تى ڕۆژگار وسه‌خته‌یه‌كانیدا، گوێت له‌وته‌ وفه‌رمایشته‌كانى ده‌بێت هێدى هێدى ڕۆح ولاشه‌ى شه‌كه‌تت ئارام وهێور ده‌بێته‌وه‌ وحه‌ز وخولیاى بیستنى زیاترى ده‌نگه‌ نه‌رم و وته‌ پڕ سۆزو مژده‌به‌خش و زانیارییه‌ به‌سووده‌كانى ده‌بێت.

ئه‌و جیاواز له‌ وتار بێژان وتارى ده‌دا، وتاره‌كانى وتاربێژان زۆربه‌ى كات دواى كۆتایى پێهاتنیان وه‌ك خۆت‌و وه‌ك ئه‌وه‌ى هیچ زانیارییه‌كت وه‌رنه‌گرتبێت وابوو زۆر زوو له‌یادگا وبیردا ده‌رده‌چوو، كه‌متر كاریگه‌رى له‌ناخ و ڕۆحدا داده‌نا، به‌ڵام ئه‌م زاته‌ به‌رزه‌ دڵ پڕ ئه‌وین و ڕوخسار شیرینه‌ پێچه‌وانه‌ بوو، له‌ده‌رگاى دڵى ده‌داییت به‌بێ ویست ده‌چووه‌ نیو دڵ و هه‌منشینى به‌وته‌كانى ده‌به‌خشى.

مامۆستاى هونه‌رى وتاردان و وتاربێژى نموونه‌ مامۆستا شه‌ماڵ (پله‌و پایه‌دارى لاى خودا بێت)، ئه‌و پیاوه‌ بوو شێواز وستایڵى ئامۆژگارى وڕێنمایى ووتاردانى گۆڕى، ئه‌و جۆرو شێوازه‌ى وتاردان بۆ كوردستان و ڕابوونى ئیسلامى و له‌دواى بڕینى چه‌ندان قۆناغى قورس وسه‌خت له‌ توندوتیژى كه‌به‌رامبه‌ر كورد به‌گشتى ومسوڵمانان به‌تایبه‌تى كرابوو هێشتا وله‌وكاته‌دا گه‌رمه‌ى شه‌ڕى ناوخۆو شه‌ڕى براكوژى بوو، خه‌ڵكى به‌جۆرێك ڕاهاتبوون له‌سه‌ر وتارى توندو ترس وتۆقاندن ...هتد، به‌ڵام مامۆستا حاجى شه‌ماڵ به‌تۆنى نه‌رم ونیانى ومیهره‌بانى وبه‌خشینى خۆشه‌ویستى‌و به‌بێ هه‌ڵچوون وتوڕه‌بوون به‌بێ ترس وتۆقاندن، به‌مژده‌و هاندان وگرنگى دان به‌په‌روه‌رده‌كردنى تاك وگرنگى دان به‌خوڕه‌وشتى ڕه‌سه‌نى كوردى وئیسلامى، هاته‌ نێو گۆڕه‌پانى وتاردان وخزمه‌تكردن به‌بانگه‌واز و ڕابوونى ئیسلامى.

بۆیه‌ كاتێ گوێت بیستى وتار وئامۆژگارییه‌كانى ده‌بوویت خۆشه‌ویستیت بۆخوداو پێغه‌مبه‌رى خودا و ئاینى پیرۆزى ئیسلام و ژیانكردن زیاد و دروست ده‌بوو.
گه‌ر سه‌یرى وتاره‌كانى بكه‌ین ده‌بینین بنه‌ماى وتاربێژى لاى مامۆستاى بانگخوازى نموونه‌یى به‌م جۆره‌بوو:
- مامۆستا شه‌ماڵ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و فه‌رمووده‌ شیرینه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئازیز وتاره‌كانى پێشكه‌ش ده‌كرد، كه‌ ده‌فه‌رمووێت: ( بشروا ولا تنفروا، یسروا ولا تعسروا)، بۆیه‌ وتارو وبه‌رنامه‌كانى میحرابى زۆرترین بینه‌روبیسه‌رى ده‌بوو.

- خالێكى ترى وته‌ وڕێنماییه‌ شیرینه‌كانى شه‌ماڵى موفتى به‌زمانێكى نه‌رمى پڕ میهره‌بانى ده‌یچرپانده‌ نێودڵه‌كان، ئه‌وه‌ى ده‌یووت قسه‌ى دڵ بوو، بۆیه‌ زۆرێك له‌ هه‌وادارانى ئه‌م حاڵه‌یان له‌ حاڵیدا ده‌بینى و حاڵیان ده‌بوو به‌حاڵى.

- وتاره‌كانى وتارى ڕۆژگار و پێویستى ڕۆحى وكۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیرى و زانستى سه‌رده‌م بوو بۆ مرۆڤى سه‌رده‌م و به‌زمانێكى ئاسان وسانا، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌یوست ئه‌م ئایه‌ته‌ى قورئانى پیرۆز به‌رجه‌سته‌ بكات، كه‌ خواى گه‌وره‌ به‌رامبه‌رى نێرداراوانى خۆى فه‌رموویه‌تى: ( وما ارسلنا من رسول الا بلسان قومه‌ لیبین لهم) ابراهیم : 4
- مامۆستا موفتى، خاوه‌نى ڕوخسارێكى ئومێدبه‌خش و پڕ نه‌سیمى میهره‌بانى وخاكى بوون بوو، مرۆڤ به‌دیتنى هه‌ستى ئارامى وئاسووده‌یى وهیواى به‌دى ده‌كرد.

- لایه‌نێكى زۆر گرنگى جه‌وهه‌رى مامۆستا شه‌ماڵ موفتى، كه‌ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌رى هه‌بوو له‌سه‌ر بیسه‌ران وبینه‌رانیدا ئیخلاس و بۆخوا ژیانى بوو، كه‌ به‌گه‌شى ده‌دره‌وشایه‌وه‌و بیسه‌ره‌كانى چێژیان له‌ شه‌پۆله‌كانى نورى دڵ و زوبان و ڕوخسار و وته‌كانى ده‌برد. وته‌كانى ده‌رخه‌رى وه‌ڵامى ئه‌م نزایه‌ بوو كه‌ پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویستمان ( درودى خوداى له‌سه‌ر بێت) فێرمان ده‌كات بلێین: ( اللهم اجعل فى قلبى نورا وفى لسانى نورا واجعل فى سمعى نورا واجعل فى بصرى نورا واجعل من خلفی نورا ومن امامى نورا، واجعل من فوقى نورا ومن تحتى نورا اللهم اعطنى نورا) رواه مسلم.

- له‌نێو وته‌و وتاره‌كانیدا نموونه‌ زیندووه‌كان ده‌بووه‌ پاڵنه‌رى زیاتر گوێبیستانى، چونكه‌ ده‌یچواندن به‌واقع وحاڵى بوون له‌نێوان وتارو بیسه‌ردا ده‌ست له‌ملان بوو.

- لایه‌نێكى گرنگى ترى وتاره‌كانى مامۆستاشه‌ماڵ، چاره‌سه‌رى زۆربه‌ى گرفت و ئاریشه‌كانى ده‌كرد و وه‌عزى به‌رامبه‌رى واده‌كرد هه‌ركه‌س واى ده‌زانى له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆ ئه‌و قسه‌ ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ حیكمه‌ت و لێزانینى وته‌و به‌سه‌رهات وبابه‌ته‌كانى ڕێك وگونجاو وته‌واو بوون.

ئه‌وبانگخوازه‌ به‌شه‌ماڵه‌ هێمنه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى بانگه‌واز كردنه‌ى كه‌ په‌روه‌رێنه‌ر داوامان لێ ده‌كات بانگه‌وازى ده‌كرد، كه‌ ده‌فه‌رمووێت: ( ادع الى سبیل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة وجادلهم بالتى هى احسن).سوره‌ النحل:125.

- له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردن و پراكتیزه‌كردنى بنه‌ماكانى وتارى سه‌ركه‌وتوو له‌لایه‌ن مامۆستاى پایه‌ بڵنده‌وه‌، ڕاسته‌ به‌هه‌وڵ وته‌قه‌لا وتێكۆشانى خۆى به‌رهه‌م هاتبوو، به‌ڵام بیرمان نه‌چێ ئه‌و ئاماده‌ییه‌ سروشتی وتوفیقاته‌ ئیلاهیه‌ش هاوئاهه‌نگ و ڕاسته‌وخۆ به‌دى ده‌كرا له‌ وتار و ژیانى مامۆستا موفتی دا.

- هه‌ندێ جار زانایان وبانگخوازان دیدو تێروانینیان بۆ پێگه‌ى ئافره‌ت جیاواز بووه‌ و كوڕى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى خۆیان بوون ونه‌یانتوانیوه‌ ده‌ربچن له‌و بازنه‌ى كه‌ ژینگه‌كه‌یان بۆیانى دروست كردووه‌، به‌ڕابردوو ئێستاشه‌وه‌ كه‌ وانازانم پێویست بكات لێره‌ ئاماژه‌ به‌ناوه‌كانیان بكه‌م، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ى مامۆستا شه‌ماڵ بۆ ئافره‌ت وپێگه‌ى كاریگه‌رى زۆر له‌ئاستێكى به‌رزو شیاودایه‌و زور باش له‌ماناو مه‌به‌سته‌كانى شه‌ریعه‌ت تێگه‌یشتووه‌، بۆیه‌ مامۆستاى بانگخوازى فكر ڕۆشن سه‌باره‌ت به‌ئافره‌ت ده‌ڵێت: " ئه‌وكه‌سه‌ى لاى وایه‌ ئافره‌ت عه‌قڵى "نوقسانه‌" چۆن له‌ ژیانى خێزانیدا به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت؟ ئه‌م فكره‌یه‌ له‌داب و نه‌ریتى سه‌قه‌تى به‌داوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ "نه‌ك له‌دینه‌وه‌". وه‌رگیراوه‌ له‌موحازه‌ره‌ى مافى ژن وپیاو.

زۆر ئاگادارى مافى ژن وهاوسه‌رو دایك بووه‌ وله‌وته‌كانیدا گرنگى دان به‌دایك ونرخاندنى رێزوپێگه‌ى دایكى دیاره‌ وله‌باسى هاوژینیشدا هه‌مان بۆچوونى دروستى بۆى هه‌بووه‌.

- كاتێ كه‌سێك پرسیارێكى لێ بكردایه‌ گرنگ نه‌بوو كه‌سه‌كه‌ كێیه‌، به‌ڵكو كاتێكى زۆرى پێ ده‌به‌خشى و به‌باشى وه‌ك پزیشكێك گوێى بۆ ده‌گرت وپرسیارى لێده‌كرد ئه‌وجا وه‌ڵامى ده‌دایه‌وه‌ ودوعاى خێرى بۆ ده‌كرد. په‌له‌ى له‌كه‌س نه‌ده‌كرد وله‌كه‌س توڕه‌ نه‌ده‌بوو ، خه‌مى خه‌ڵكى وكێشه‌كانیانى ده‌خوارد.

- بانگخوازه‌ نموونه‌یه‌كه‌ى كوردستان، زۆر گرنگى به‌په‌روه‌رده‌ى تاك ده‌دا، متمانه‌و بڕواى لاى تاك دروست ده‌كرد وترس وخه‌مه‌كانى ده‌ڕه‌وانده‌وه‌.

خوشكێك بۆى گێرامه‌وه‌، وتى: هاوسه‌رم كۆچى دوایى كردبوو به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانمدا له‌ نهۆمى سه‌ره‌وه‌ى ماڵێكدا كرێنشین بووم له‌ساڵى 90كان، زۆربه‌ى شه‌وه‌كان كاره‌با نه‌بوو شه‌وانى زستان زۆر ئاسته‌م بوو بۆمان زۆرجار منداڵه‌كانم له‌ترساندا خه‌به‌ریان ده‌بوویه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ خۆشم ده‌ترسام به‌ڵام لاى ئه‌وان خۆمم واده‌رنه‌ده‌خست، زۆرجار به‌دڵى پڕترسه‌وه‌ خه‌وم لێ ده‌كه‌وت.

جارێكیان به‌خزمه‌تى مامۆستا شه‌ماڵ گه‌یشتم ئه‌م بابه‌تى ترسه‌م بۆباس كرد كه‌چى بكه‌م بۆئه‌وه‌ى ئه‌م ترسه‌ له‌دڵم ده‌ربچێ؟ پێى وتم: نابێ بترسى، ئه‌ى مه‌لائیكه‌ى حه‌فه‌زه‌ كاریان چیه‌( ملائكة الحفظه‌) گه‌ر ژنێكى بۆ خوا سوڵحاو وبه‌خێوكارى منداڵى بێ باوك نه‌پارێزن؟! له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئیتر مه‌ترسه‌ خواو وفریشته‌كان ده‌تپارێزن، ئه‌و خوشكه‌ به‌ڕێزه‌ ده‌ڵێ: ئه‌و فه‌رمایشته‌ى مامۆستا بۆمن و ئه‌وكات وه‌ك ئاو بكه‌یت به‌ئاگردا وابوو، ئاوا دڵم خۆش بوو هیچ ترسێ له‌ناخمدا هه‌تا ئێستاش بوونى نه‌ما( ملائكة الحفظة).

ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕى دروستكردنى متمانه‌ به‌خودا و بڕوا به‌خۆ بوونه‌، هه‌ر له‌م نموونه‌ جوانه‌دا خاڵێكى دره‌وشاوه‌ى زۆر نگین له‌كه‌سایه‌تى بانگخوازى نموونه‌دا به‌دى ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌ویش هه‌رگیز درێخى وكۆتاى نه‌كردووه‌ له‌وتنى ووته‌ى شیرین وجوان( الكلمه‌ الطیبة) گه‌یاندنى ئه‌م ده‌عوه‌و بانگه‌وازه‌ بۆیه‌ بۆ هه‌موو كه‌س چراو ڕێنیشانده‌ر بووه‌.

- مامۆستا شه‌ماڵى كوردستان مامۆستاى هیواو ئومێده‌كان بوو، هیواو ئومێدى له‌ناو ناخه‌كاندا ده‌ڕواند، بێئومێدى و ڕه‌شبینى له‌دڵه‌كان ده‌رده‌كرد زۆر جار له‌ وتاره‌كانیدا جه‌ختى ده‌كرده‌وه‌ له‌وه‌ى متمانه‌و گومانمان به‌خودا باش بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى په‌روه‌ردگار له‌فه‌رمووده‌ى قودسیدا ده‌فه‌رمێت و پێغه‌مبه‌رى خودا بۆمان باس ده‌كات : (انا عند حسن ظنی عبدى به)، ماناى ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ زۆر كاریگه‌رى له‌ژیاندا به‌جێده‌هێڵێ له‌سه‌ر كه‌سه‌كه‌ ئیتر ناڕه‌حه‌تى وئاریشه‌كانى له‌سه‌ر ئاسان وسانا ده‌بێت.

هاورێیه‌كم ده‌ڵێ سه‌ره‌تاى ژیانم لێوان بوو له‌ تاقیكردنه‌وه‌و خه‌م وئاریشه‌، ئه‌مه‌م پێوه‌ دیار بوو جار له‌دواى جار قورستر ده‌بوو له‌سه‌رم، ڕۆژێ به‌خزمه‌ت مامۆستا گه‌یشتم بێتاقه‌ت بووم و به‌ڕوخسارمه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینرا كه‌خوا هه‌میشه‌ تاقیمده‌كاته‌وه‌، وه‌ك بڵێى بێ ئومێدیم پێوه‌ دیاربوو، مامۆستا زۆر دڵى دامه‌وه‌ ووتى: تۆ خۆشه‌ویستى خوداى، پاشان ناخى خۆت بگۆڕه‌ به‌رامبه‌ر خودا كه‌ ئیتر له‌مه‌ودوا كاره‌كانت بۆ ئاسان ودور له‌خه‌م وئاریشه‌ت ده‌كات، گومانى باش به‌خودا ببه‌ كه‌ ئاگادارته‌ و دوورت ده‌كات له‌ناڕه‌حه‌تى، دواى ئه‌وه‌ كه‌ ناخى خۆمم گۆڕى له‌سه‌ر فه‌رمایشت وڕێنمایى مامۆستا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئومێد وهیواو خۆشى دڵى داگیر كردم ودڵخۆش بووم به‌جوانیه‌كان وئارامم ده‌گرت له‌سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌كان.

ئه‌مه‌ گۆشه‌ نیگایه‌كى كه‌م بوو له‌بنه‌ماى بانگه‌واز وستایڵى جیاوازى شه‌ماڵ موفتى كه‌ هه‌تا دوا كاته‌كانى ته‌مه‌نى موباره‌كى به‌وجۆره‌ بوو. هه‌زاران سڵاو وره‌حمه‌ت له‌گیانى پاكى بێت .

بۆیه‌ ئه‌و جۆرو شێوازه‌ له‌ وتاردان له‌لایه‌ن مامۆستا شه‌ماڵى كوردستانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ دروستكردن و بونیاتنانى تاك وكۆمه‌ڵگه‌ى سه‌ركه‌وتوو وخاوه‌نى به‌هاو ڕه‌وشتى جوانى ئیسلامى، زۆر پێویستیه‌كى داواكراوه‌، چونكه‌ واقیعى بوون و دان له‌ده‌رگاى دڵ و هێنانه‌وه‌ى نموونه‌ به‌رجه‌سته‌و كاریگه‌ره‌كان و بابه‌ته‌ ورد وزانستیه‌كان و ڕاڤه‌و ته‌فسیر كردنى قورئانى پیرۆز و فه‌رمووده‌ شیرینه‌كانى پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویستمان( درودى خواى له‌سه‌ر بێت)و، ڕێنماییه‌كان وقسه‌كردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌ ئاڵۆزو پڕكێشه‌كانى سه‌رده‌م‌و، پاراستنى گه‌نجان و په‌روه‌رده‌كردنیان و به‌دیدێكى ئیسلامى هاوچه‌رخ‌و ئاماده‌كردنى نه‌وه‌یه‌كى پاكى چاكى خزمه‌تگوزار، بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له‌ڕووى نه‌ته‌وه‌یى ونیشتمانى ومرۆیى وئاینیه‌وه‌ پێویسته‌.

گه‌ره‌كه‌ زانایان وبانگخوازان له‌خوشكان وبرایان زه‌مینه‌سازى بكه‌ن بۆ پێشكه‌ش كردنى وێنایه‌كى شیاو وبه‌رزى ئاینى پیرۆزى ئیسلام له‌وتارداندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پێشتر وتاره‌كان تاڕاده‌یه‌ك به‌ده‌نگى به‌رز و به‌جۆر وستایڵى تر پێشكه‌ش كرابوون، بینه‌رو بیسه‌ر به‌وجۆره‌ ڕاهاتبوون، به‌ڵام مامۆستا شه‌ماڵ مۆدیلى نه‌رم ونیانى له‌پێشكه‌ش كردنى وتاردانى هێنایه‌وه‌ نێو كایه‌ى گرنگى ڕابوون و بانگه‌وازى ئیسلامى كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى ڕۆژى گوێبیستى بوو بێ كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌رى وته‌و فه‌رمایشته‌ نه‌رم وپڕ زانیارییه‌كانى.