وه‌زیری په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی پرۆسەی خوێندن رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی پێویست نییە، چونکە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو خوێندن زووتر دەستیپێکردەوە و لەڕووی دەوامکردن کێشەمان بۆ دروست نەبووە".

راشیگەیاند "بەدواداچوون دەکەین بزانین دەتوانین وادەی خوێندن درێژبکەینەوە بۆ ئەوەی خوێندکاران زیاتر لە بابەتەکان تێبگەن، یاخود چەندێک دەتوانین وادەکە درێژبکەینەوە، چەند بژاردەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەوە، بەڵام بژاردەی کەمکردنەوەی مەنهەج هیچ کەس لە ئەنجومەنی وەزارەت لەگەڵیدا نەبووە".

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد "ئەگەر ساڵنامەی خوێندن دەستکاری بکرێت و خوێندن درێژبکرێتەوە، ئەوە دەبێت قوتابیان بزانن دەکەوێتە نێو گەرمای هاوینەوە".