به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌ك له‌ ئێران سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌ ئاكامی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازیی له‌ شاری ته‌ورێز باكووری خۆرئاوای ئێران، سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا.

به‌پێی راگه‌یاندنی ئێران، فڕۆكه‌ی مه‌شق و راهێنانی سەربازیی جۆری F5 له‌ ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له‌ شاری ته‌ورێز كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئیداره‌دانی قه‌یرانەکان لە پارێزگای ئازه‌ربایجانی خۆرهه‌ڵات، محه‌مه‌د باقر هونه‌ربه‌ر باسی له‌وه‌ كرد، فڕۆكه‌كه‌ خۆی كێشاوه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێك و دیواری قوتابخانه‌یه‌كدا كه‌ قوتابی تێدا نه‌بووه‌.

محه‌مه‌د باقر هونه‌ربه‌ر باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ رووداوه‌کەدا، دوو سه‌رنشینی فڕۆكه‌كه‌ و سه‌رنشینێکی ئۆتۆمبێله‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌رپرسانی ئێران باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ له‌باره‌ی هۆكاری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌.