ئیسرائیل بە مووشەک هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر باشووری سووریا

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

رژێمی بەشار ئەسەد، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل بە مووشەکی زەمین-زەمین هێرشی کردووەتە سەر چەند خاڵێکی سەربازیی لە پارێزگای قونەیترە باشووری سووریا.

ئاژانسی هەواڵیی سەربە رژێم "سانا"، بەپشت بەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان، بڵاوی کردەوە کە کاتژمێر ٠٣:٣٠ بە کاتی ناوخۆ، ئیسرائیل بە مووشەکی زەمین-زەمین هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک خاڵی سەربە هێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د لە دەورووبەری پارێزگای قونەیترە.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە 'لەو هێرشەدا کە لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە ئەنجامدراوە، زیانی ماددیی کەوتووەتەوە'.

لە پارێزگای قونەیترە باشووری سووریا جگە لە خاڵی سەربازیی سوپای رژێم، خاڵی سەربازیی گرووپە تیرۆریستییەکانی ژێر فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵا جێگیرکراون.

ئیسرائیل له‌ ده‌ستپێكی جه‌نگی ناوخۆیی سووریا له‌ ٢٠١١ه‌وه‌ ماوه‌ ماوه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر خاڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی گرووپه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران و رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د.

بەرپرسانی ئیسرائیل بە گشتی خۆیان دەدزنەوە لە لێدوان دان لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی سووریا.