دەرچوونی عێراق لە رێوشوێنەکانی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن دەرچوونی وڵاتەکەی لە رێوشوێنەکانی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند، ئەوەیش دوای ئەوەی عێراق تەواوی قەرەبووکردنە و داراییەکانی بەھۆی جەنگی کەنداو لە نەوەدەکانی سەدی رابردوو، داوە بە کوێت.

لە ١٩٩٠وە، بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر عێراقدا سەپێندرابوو، ئەوەیش دوای ئەوەی رژێمی پێشوو، سەدام حوسێن لە جەنگی کەنداودا، دەوڵەتی کوێتی داگیرکرد.

بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێگای دابوو کە ھێز دژبە عێراق بەکاربھێندرێت، چونکە ئەو وڵاتە بە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەقەڵەم درابوو، جگە لەوەیش لە چوارچێوەی بەندەکەدا، ھەژمارە بانکییەکانی عێراق لە بانکەکانی جیھان بلۆککرا و پابەندیش کرا قەرەبووی دارایی داگیرکردنی کوێت بدات بە حکوومەتی کوێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە فوئاد حوسێن لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی رایگەیاندووە، عێراق ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی گرنگی لە مێژووی خۆیدا داخست کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بەردەوام بوو، لەئێستادا ھەوڵدەدات ھاریکارییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پتەوتر بکات.

بەپێی راگەیەندراوەکە وەزیری دەرەوەی عێراق ھەروەھا ئاماژەی بەوەیش داوە کە عێراق تەواوی قەرەبووکردنەوەی دارایی داوە بە کوێت و گوتی: "چی دیکە عێراق قەرەبووکردنەوەی دارایی لەسەر نەماوە".

فوئاد حوسێن ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە حکوومەتی عێراق کارکردنی لەگەڵ لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوەکان نموونەیەکی سەرکەوتووبوو بۆ کارکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و گوتی: "حکوومەتی عێراق پابەندییەکانی بەرامبەر بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و کوێت جێبەجێ کردووە و بە جیددی ھەوڵی دەرچوونی عێراقی لە رێوشوێنەکانی بەندی حەوتەم لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دابوو".

لە ١٦ی شوباتی رابردوو، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی (١٥ وڵات) لە دانیشتنێکی کراوەدا بەسەرۆکایەتی باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبێنزیا بەتێکڕا دەنگیان لەسەر بڕیاری ژمارە (٢٦٢١) دا.

لە دەقی بریارەکەدا هاتووە "حکوومەتی عێراق چیتر رێژەیەکی سەدی لە داهاتی فرۆشی نەوت ناخاتە ناو سندوقی لێژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان".

ھەروەھا بڕیارەکە، کۆتایی ھێنان بە لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوەکان لەخۆدەگرێت.

لە ساڵی ١٩٩١دا بە بڕیاری ژمارە (٦٨٧)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی داگیرکردنی کوێت لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق پێکھێنرا.

لە کانونی یەکەمی رابردوودا بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو کە ٥٢ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بەھۆی داگیرکردنی کوێت-ەوە، داوە بەو وڵاتە.