ژمارەیەك بۆمبی نەتەقیووی كیمیابارانی هەڵەبجە هێشتا هەڵنەگیراونەتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

له‌ دوای كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 16-3-1988دا ژماره‌یه‌ك بۆمبی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ناو سه‌نته‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه‌

هه‌ریه‌ك له‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ دراساتی كاریگه‌ری پاشماوه‌ی چه‌كی كیمیاوی و كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیبارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ،هه‌ڵمه‌تێكی كۆكردنه‌وه‌ی بۆمبه‌ نه‌ته‌قیوه‌كانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یان راگه‌یاند و داوا له‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆمبه‌ نه‌ته‌قیووه‌كان له‌ناو ماڵه‌كانیاندایه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانه‌وه‌ بكه‌ن تا له‌ ڕێگه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌وه‌ تیمی پسپۆڕ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی بۆمبه‌كان دروست بكرێت و هه‌ڵبگیرێنه‌وه‌.

لوقمان عه‌بدالقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیبارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ به‌شێكى لێدوانێكیدا به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاند " تا ئێستا 7 بۆمبی نه‌ته‌قیوو ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ناو ماڵی هاوڵاتیاندان و هه‌ندێكیان ماڵیان له‌سه‌ر درووستكردونه‌ته‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ له‌ دوای تاوانه‌كه‌ نه‌توانرا ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ زیندووبوون كۆبكرێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ هه‌بوون وه‌ك مه‌وادی ئاسن كۆكرانه‌وه‌ و فرۆشران."

دكتۆر هه‌ڵگورد عه‌لی لێپسراوی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ دراساتی كاریگه‌ری پاشماوه‌كانی كیمیایی له‌ به‌شێكى لێدوانێكیدا وتى: " مه‌ترسی كانزاكان داڕزانیانه‌ له‌ ناو خاكدا و تێكه‌ڵبوونییانه‌ به‌ خاك و ئاو، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی هه‌یه‌، ئێمه‌ توێژینه‌وه‌كانمان نێوده‌وڵه‌تین، هه‌ماهه‌نگیمان كردووه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا تیمی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بهێنینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌."