هەولێر-KDP.info- سەنتەری خامە، کە بەشی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی یەکێتی قوتابیانی کوردستانە، پڕۆژەیەکی تایبەت بە قوتابیان ڕادەگەیەنێ و بۆ ماوەی یەک ساڵ لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوام دەبێت، بەڕێوەبەری سەنتەرەکەش دەڵێ، پڕۆژەکە لە پێناو بە کلتوورکردن و ھاندانی قوتابیانە بۆ خوێندنەوە.
هۆگر بەهادین، ئەندامی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و بەڕێوەبەری سەنتەری خامە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەکە لە پێناو قوتابیانە، تا بخوێننەوە و ھانیان بدرێت بۆ ئەوەی کتێب بکەن بە هاوڕێی هەمیشەییان، نەک تەنیا لە چوارچێوەی پڕۆسەی خوێندن. بە گوتەی خۆیشی، ماوەیەکی زۆرە خەریکی ئەو پڕۆژەیەن و ١٨ـی ئەم مانگە ڕایدەگەیهنن، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئامانجیان لە وەها پڕۆژەیەک، بە کلتوورکردنی خوێندنەوەیە.
لەبارەی چۆنییەتیی و چییەتی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری سەنتەری خامە ئاماژەی بەوەدا، کە پڕۆژەکە خۆی لە درووستکردنی کارتێکی داشکان بۆ قوتابیان دەبینێتەوە، کە ئەوان لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ٣٧ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێبخانە لەسەر داشکاندنی تایبەت و دیاریکراو بۆ ھەر قوتابییەکی ھەڵگری ئەو کارتە رێککەوتوون، هاوکات لەسەر کارتەکەش، ناوی ھەموو دەزگا و کتێبخانەکان و ڕێژەی داشکاندنەکان نووسراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت، لە ٢٠١٩/١٢/١٨ تاوەکو ٢٠٢٠/١٢/١٨ کارتەکە کارا دەبێ و قوتابیان دەتوانن لە داشکاندنەکان سوودمەند بن، جەختیشی لەوە کردەوە، کە داشکانەکە سەرتاسەرییە و ھەموو کوردستان دەگرێتەوە، ھاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەش، پێشانگەیەکی سێ ڕۆژە بۆ ٩ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە ھەولێری پایتەخت دەکەنەوە، کە داشکانی گەورە لە کتێب دەکەن.
پاڤین رەمەزان