سەرۆكی روسیا دەستپێكردنی ئۆپەراسێونی سەربازی لەڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا ڕاگەیاند

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سه‌رۆكی روسیا ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسێونی سه‌ربازی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا ڕاگه‌یاند وچه‌ند ناوچه‌یه‌كى سه‌ربازى به‌موشه‌كى گراد بۆردۆمانكران.

سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مرۆ سوپاى روسیا ده‌ستیكرد به‌ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى له‌رۆژهه‌ڵاتى ئۆكرانیا له‌ناوچه‌ى دۆنباس، وبه‌چه‌ندین موشه‌كى گراد هێرشى كردۆته‌ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كى سه‌ربازى وهه‌ر دواى ئه‌وه‌ش زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌كیێڤى پایته‌ختى ئۆكرانیا لێیدراوه‌.

له‌پاڵ كیێڤ له‌شاره‌كانی خاركیڤ، كراماتۆرسك، ماریۆپۆل، میكولایڤ وئۆدیسا ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك بیسترا.
لایخۆیه‌وه‌، ڤلۆدیمیر زێلێنسكى، سه‌رۆكى ئۆكرانیا رایگه‌یاند: به‌رگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین كاتێك هێرش بكرێته‌ سه‌ر گیانمان، ودۆخی له‌ناكاوی له‌سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند.

هه‌روه‌ها هه‌ر شه‌وى رابڕدوو، فڕینی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی له‌ناوچه‌كانی نێوان روسیا، ئۆكراینا وبیلاروس راگیراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌و موشه‌كانه‌ى له‌لایه‌ن روسیاوه‌ ئاراسته‌ى سنوره‌كانى نێوان ناوچه‌كانى جوداخواز وئۆكراینیا ده‌كرێن.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا بڵاویكرده‌وه‌: له‌ماوه‌ى بۆردومانه‌كانیان دا به‌چه‌كی هه‌ستیار، سیستمه‌كانی به‌رگری ئاسمانی وهێزه‌كانی ئاسمانی له‌ئۆكراینا له‌چالاكی خستووه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشه‌ى روسیا، جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: به‌رپرسی ئه‌م هێرشه‌ سه‌ربازییه‌ وكوشتارگه‌ له‌ئه‌ستۆی سه‌رۆكى روسیا دایه‌.