ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگ لەسەر پرۆژەبڕیارێک دەدات کە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا ریسوا و سەرکۆنە دەکات.
پرۆژە بڕیارەکە کاتژمێر ١٥:٠٠ بەکاتی نیویۆرک (٢٣:٠٠)ی هەولێر، دەخرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بەمەبەستی دەنگدان لەسەری.
لەو پرۆژە بڕیارەدا کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەورووپایی لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادە کراوە، هاتووە 'بەتوندترین لێدوانی گونجاو، بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی دووەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی شەڕەنگێزی رووسیا دژبە ئۆکراینا دەکرێت'.
پرۆژەبڕیارەکە هەروەها داوا لە رووسیا دەکات دەستبەجێ بەکارهێنانی هێز دژبە ئۆکراینا راگرێت و خۆی لە هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز بە دوور بگرێت دژبە سەربەخۆی سیاسیی یان یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتێک کە پێشێلکاریە بەرامبەر ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بە لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتی ڤیتۆی رووسیا، ئەگەری دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە بە هەربوو نابینن.
پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی (رووسیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و چین) دەسەڵاتی ڤیتۆیان هەیە بۆ بەرگرتن لە هەر بڕیارێک کە دەنگی پێ نادەن.
بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پێویستە هیچ کام لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە ڤیتۆی نەکەن و لە کۆی ١٥ ئەندام لانیکەم نۆیان پەسەندی بکەن.