نەتەوە یەکگرتووەکان: له‌ ئۆكرانیا 64 مەدەنی کوژارون و 176ی دیکەش برینداربوون

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ٦٤ هاووڵاتیی مەدەنی کوژارون و ١٧٦ی دیکەش برینداربوون.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) لە راگەیەندراوێکدا ئامار و وردەکارییەکانی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکان بڵاو کردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە ئاکامی هێرشە ئاسمانیی و وشکانییەکانی سوپای رووسیا لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی رۆژی ٢٤ی شوبات تاوەکو کاتژمێر ١٧:٠٠ی رۆژی ٢٦ی شوبات، ٦٤ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و ١٧٦ی دیکەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێشبینی دەکەن ژمارەی کوژراو و برینداران لە سەرووی ئەم ژمارەیەوە بێت کە رایانگەیاندووە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکاندا، هۆشداری دراوە لەبارەی بەرزبوونەوەی زیانی گیانی لە رۆژانی داهاتوو.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) ئاماژەی بە لێدوانی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی-یش کرد لەبارەی "کوژرانی ١٣٠ سەرباز و برینداربوونی زیاتر له ٣١٠ سەربازی دیکەی سوپای رووسیا".

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بە زیانی ماددی کراوە و تیایدا هاتووە لە ئاکامی زیان بەرکەوتنی وێستگەکانی کارەبا و فەرمانگەکانی دەوڵەت، سەدان هەزار هاووڵاتی کێشەی بێئاوی و بێکارەباییان بۆ دروست بووە و چەندین خانوو و باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە.

- هەڵمەتەکانی هاوکاریی مرۆیی هەڵپەسێردرا

لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA)دا ئاماژە بەوەش کراوە "دەزگاکانی هاوکاریی مرۆیی بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنییەوە ناچاربوون هەڵمەتەکانیان هەڵپەسێرن، بەڵام دووبارە سوورین لەسەر مانەوەمان و بەردەوامی هەڵمەتەکانمان بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بە لێقەوماوان و زیان لێکەوتوانی وڵاتەکە".

دوێنێ کۆمسیاری باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، فلیپۆ گراندی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئاماژەی بە کۆچکردنی زیاتر لە ١٥٠ هەزار هاووڵاتی ئۆکراینا بۆ وڵاتانی پۆڵەندا، هەنگاریا، مۆڵدوڤا و رۆمانیا کرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە ئەگەری خراپتربوونی رەوشەکەدا، زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی ناچار دەبن بۆ دەرەوەی وڵات کۆچ بکەن.