ژماره‌یه‌ك نۆرینگە ودەرمانخانەو تاقیگەو کۆمەڵگەی پزیشکی له‌ سلێمانی دادەخرێن

دوایین نوێکردنەوە 2022-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

تەندروستی سلێمانی رایگه‌یاند: لەپێناو سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان و بەدەستکەوتنی باشترین کوالێتی پێداویستی پزیشکی و دەرمان لیژنەکانی بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی سەردانی شارۆچکەی سەیدصادقیان کرد.

نیان حەمە ئەمین - بەڕێوەبەری بەشی پشکنین و بەدواداچوون ڕایگەیاند لە ئەنجامی گەڕان و بەسەرکردنەوەکانمان ( ۲٤ ) شوێنی کە پێکهاتبوون لە سێ کۆمەڵگەی پزیشکی و پێنج دەرمانخانە و یانزە نۆرینگەی پزیشکی و سێ عیادەی پزیشکی و دووتاقیگە گەڕان و پشکنینیان بۆ ئەنجام درا دەرکەوت بەشێک لە دەرمانخانەکان و تاقیگە و کۆمەڵگە پزیشکییەکان مۆڵەتی کارکردنیان نەبوو جگە لەوەش هەندێکیان مۆڵەتی کارکردنیان بەسەر چووبوو تازە نەکرابوونەوە وەک لیژنەکە بڕیاردرا بەداخستنیان

لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو کە بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی نابێت هیچ نۆرینگە و تاقیگە و عیادە و کۆمەڵگەی پزیشکی لە کاتی دەوامی فەرمیدا کراوەبن.