یادگار سدیق
شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان
هەنگاوەکانی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا بەردەوامە، تا دێت گرژی و ئاڵۆزییەکان تەشەنە دەکات، ئەگەر چی رۆژئاوا قۆناغەکانی گەمارۆ ئابووریەکانی بۆ سەر رووسیا دەستپێکردووە و لە دواین هەوڵەکانیان بڕیاری دەرکردنی بەشیک لە دامەزراوەی دارایی بانکی ئەو وڵاتەیان لە سیستەمی سویفت دا کە دەتوانێت گورزێکی گەورەی دارایی و ئابووری لەو وڵاتە بدات بەڵام دوور نیە لە ئەگەری بەردەوامی پەلکێشی سەربازی رووسیا بۆ نێو خاکی ئۆکراینا و هەڕەشەکانی بەرامبەر بە وڵاتانی تر، ئەوروپا و دۆستە رۆژائاواییەکانی ناچار بکات بە تەواوی سەرجەم جموجۆڵە بازڕگانییەکانیان ئەو وڵاتە بپچڕێنن و دەست بۆ تەواوی کەرتە جیاوازەکان و وزەی ئەو وڵاتە لە ناوەخۆ و دەرەوە بدەن کە بێگومان کاریگەری گەورەی لەسەر تەواوی جیهان بە کوردستانیشەوە لە کەرتی وزە بەتایبەتی دروست دەکات، چۆن؟
دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە داگیرکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکی لە لایەن سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تا نیسانی ٢٠١٨ بؤ نیوەی خۆی ٢٨٣ هەزار بەمیل پاشەکشەی کرد، لەم قۆناغەدا کوردستان کەوتە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووری، رووسەکان بە دەرفەتیان زانی و روسنەفتی رووسی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد.
هەرچەندە تەواوی رێککەوتنەکە ئاشکرا نیە بەڵام بە گوێرەی رێککەوتنەکەی نێوانیان لە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت تا گواستنەوە و بە بازاڕکردنی رووسیا ئەرکی سەرەکی دەگێڕێت، بە گوێرەی دواین رێککەوتنی نێوانیشیان کە لە سەرەتای ٢٠١٨ ئەنجامدرا کۆمپانیاکە خاوەندارییەتی تەواوی بۆری نەوتی کوردستانی گرتە دەست و هەوڵدەدات دوای پڕکردنەوەی خواستی ناوەخۆ دەست بە دامەزراندنی بۆری گازی سروشتی بە مەبەستی هەناردەکردنی بۆ تورکیا و ئەوروپا بدات و توانای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان بۆ ١ ملیۆن بەرمیل بەرزدەکاتەوە بە پەرەپێدانی بلۆکە نەوتییەکان کە بە گوێرەی گرێبەستەکەیان لە نیوەی مانگی دەی ٢٠١٧ پەرە بە پێنج بلۆکی نەوتی دەدات.
لە قۆناغی ئەمڕۆ کە سزاکانی رۆژئاوا بۆ رووسیا دەستیپێکردووە ئەگەر کۆمپانیاکانی نەوت و گازی ئەو وڵاتە بگرێتەوە ئەوە کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و کار دەکاتە سەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دواتر گواستنەوەی نەوتەکە بۆ بازاڕەکان چونکە بۆری نەوتی کوردستان جەیهان کە بە نێو خاکی تورکیا تێدەپەڕێت و رووسیا خاوەندارییەتی دەکات ئەگەر هەر بڕیارێک لە دژی کۆمپانیاکانی نەوتی و گازی رووسیا لە لایەن ناتۆ دەر بکرێت لە ئەگەری سزادانی ئەو کۆمپانیاییە دەبێت تورکیا وەک ئەندامێک پابەند بێت بە بڕیارەکانی کارەکانی ئەو کۆمپانیایە رابگرێت دواتر بە بازاڕکردنی نەوتی کوردستان بۆ دەستی کڕیارانی نەوت کە ئەم کۆمپانیایە چاودێری دەکات گرفتی هەم فرۆشتن دواتر گواستنەوەی داهاتی نەوتەکە دروست دەکات کە بێگومان لە بێبەشکردنی کۆمپانیاکە لە سیستەمی سویفت هەرچەندە ئێستا رۆژئاوا ئەم کەرتەی لێ بەدەر کردووە لە سزاکە بەڵام لە ئەگەرێکی وەها ناتوانێت بە ئاسانی ئەرکی بە بازاڕکردنی نەوتی کوردستان بەرێوە ببات هاوشێوەی ساڵانی رابردوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیدەتوانی بە ئاسانی بگات بە کڕیارانی نەوت.
لە لایەکی تروە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاری نا دەستوری فرۆشتنی نەوتی کوردستانی دەکرد، ئەگەر چی یاساییەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەرێم سەختە بەڵام پێوستە لەسەر بەرپرسانی هەرێم لە هەر بڕیارێک بە ئاگا بن بە تایبەت کە ئەمڕۆ رووسیا لە ژێر گوشاری سزا ئابوورییەکانی رۆژئاوا دایە ئەمەش پاڵپشتییەکی رۆژئاوا بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکات.