دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەهۆی ئەو رێوشوێنە نوێیە سنوورداریانەی دژبە رووسیا گیراونەتەبەر، نرخی غاز لە ئەورووپا بە بەرزبوونەوەی 34% دەستی پێ کرد.
هەفتەی رابردوو، نرخی گرێبەستی غازی سروشتی لە "TTF" کە ناوەندەکەی لە هۆڵەندایە بۆ هەر مێگاواتێک بە 93 یورۆ داخرا، بەڵام لە رۆژی نوێی کاردا، ئەو نرخە بە 125 یورۆ دەستی پێ کرد، بەوەیش نرخەکەی 34% زیادی کرد.
لە دوای بڕیاری دەرکردنی بانکەکانی رووسیا لە "SWIFT" لەلایەن وڵاتانی خۆرئاوا و سڕکردنی سامانی بانکی ناوەندیی رووسیا بەهۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکراینا، نرخی غازی سروشتی رووی لە هەڵکشان کرد، هاوکات سزا ئابوورییە نوێیەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی دابینکردنی غاز بۆ ئەورووپا.
لە ئێستادا وڵاتانی ئەورووپا 40% پێداویستییەکانیان لە غازی سروشتیی لە رێگەی رووسیاوە دابین دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ وەزیرانی وزەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە بڕۆکسل کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز دەکەن و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز و رێوشوێنەکان تاوتوێ دەکەن.