ناتۆ نایەوێت فڕۆکە و هێزی سەربازیی رەوانەی ئۆکراینا بکات

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ ئاشکرای کرد، نایانەوێت ببن بە بەشێک لەو شەڕوپێکدادانەی رووسیا لە ئۆکراینا بەرپای کردووە، هەر بۆیە نایانەوێت سەرباز رەوانەی ئۆکراینا بکەن و فڕۆکەی جەنگیی بەسەر کایەی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بفڕێنن.

یانس ستۆڵتنبێرگ سەردانی بنکەی ئاسمانیی لاسک-ی کرد لە پوڵەندا کە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی F-15ی ئەمریکای تێدا جێگر کراوە و دواتر لەگەڵ سەرکۆماری پۆڵەندا، ئاندرێژ دودا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازدا.

سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەوەی بەبیرهێناوە کە بۆ یەکەمجار هێزەکانی بەرگریی ناتۆ دەستیان بە جموجۆڵ کردووە و رایگەیاند لەم میانەدا ئەمڕۆ، سەربازانی فەڕەنسا هاتوونەتە رۆمانیا.

یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، لەگەڵ ئۆکراینا لە هەماهەنگی دان و بیلاڕووس-یشی بە بەرپرسیار لە قەڵەمدا لەبەرامبەر بە هاوکاریکردنی رووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا.

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لەبارەی ناردنی سەرباز و فڕۆکەی جەنگیی بۆ ئۆکراینا بەم شێوەیە دوا:

"هاوپەیمانانی ناتۆ هاوکاریی سەربازیی جۆراوجۆر پێشکەش دەکەن. جگە لەمە یارمەتی مرۆیی و دارییشان پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە، بەڵام دەمانەوێت ئەوە ئاشکرا بکەین کە ناتۆ نایەوێت سەرباز رەوانەی ئۆکراینا بکات و فڕۆکەی جەنگیی بەسەر کایەی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بفڕێنێت".

هاوکات سەرکۆماری پۆڵەندا، ئاندرێژ دودا ئاشکرای کرد فڕۆکەی جەنگییان بۆ ئۆکراینا نەناردووە لەبەر ئەوەی ناردنی فڕۆکە بۆ ئۆکراینا بە واتای دەستێوەردانی سەربازیی دێت و گوتی: "ئێمە بەشداری ئەم شەڕوپێکدادانە نابین. ناتۆ بەشێک نییە لەو جەنگەی دەگوزەرێت. بە هەموو شێوەیەک هاوکاری مرۆیی دەنێرین، بەڵام ناتوانین فڕۆکەی جەنگیی بۆ ئۆکراینا بنێرین".