بەریتانیا: "دەتوانن زۆر سزای دیکە بەسەر رووسیادا بسەپێنین"

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن، ئاشکرای کرد دەتوانن زۆر سزای دیکە بەسەر رووسیادا بسەپێنین و گوتی "پێویستە (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین لەوە تێبگات ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەوی دەکات وڵاتەکەی رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری دەکاتەوە و وڵاتانی خۆرئاواش دژی رووسیا بەدەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا".

بۆریس جۆنسن لە میانی سەردانێکی بۆ پۆڵەندا، لە وارشۆی پایتەختی ئەو وڵاتە چاوی بە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتێیۆش مۆراڤیتسکی کەوت و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دوا پێشهاتەکانی ئۆکراینا دوا.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا ئەو تراژیدیایەی پێشبینییان بۆ کردبوو، ئێستا بەچاوی خۆیان دەیبینین و گوتی "پێشهاتەکان زۆر لەوە خراپتر بوون کە پێشبینیمان بۆ کردبوون. وێرانکارییەکی چاوەڕوان نەکراو باڵی بەسەر کیشوەرەکەماندا کێشاوە".

بۆیس جۆنسن لەبارەی تەشەنەسەندنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا گوتی "پوتین تاکتیکی بەربەری لە دژی خەڵکی سڤیلی بێ تاوان بەکاردەهێنێت و تاوەرەکان بۆمب باران و مووشەک باران دەکات. ئاشکرایە کە بەلایەوە ئاساییە و ئامادەیە منداڵی بێ تاوان بکوژێت".

جۆنسن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە هەواڵی کوژرانی منداڵانی پێگەیشتووە چ هەستێکی بۆ دروست بووە گوتی "ئاشکرایە کوشتنی منداڵی بێ تاوان شتێکی بێ مانایە. پوتین خۆیشی باوکە. هەموو لایەک سەری سووڕماوە چۆن توانیوویەتی فەرمانی بەرپاکردنی ئەم جەنگە بدات".

جۆنسن گوتیشی "هەتا ئەوکاتەی جەنگ بەردەوام دەبیت زیاتر هەست دەکەم کە پوتین شکست دەهێنێت و سەرکەوتوو دەبین لە پارێزگری کردن لە دیموکراسیەت و سەروەریی ئۆکراینا کە ئەوە ئامانجی هەموو لایەکمانە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا کە داگیرکارییەکانی پوتین تاسەر نابێت و جەختی لەوە کردەوە پێویستە ئەو جەنگەی لە ئۆکراینا بەرپا کراوە بە زووترین کات کۆتایی پێ بهێنرێت.

بۆریس جۆنسن راشیگەیاند خەڵکی ئۆکراینا لە رێگەی پارێزگاری کردن لە وڵاتەکەیان مەبەست و ئامانجەکانی پوتینیان لاواز کردووە و گوتی "ستایشی بوێری سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زێلێنسکی دەکەم. بە بۆچوونی من بەو هەڵوێستانەی هەیبووه بەرامبەر بە رووداوەکان بووەتە نموونەیەکی زیندوو نەک تەنیا بۆ گەل و وڵاتەکەی بگرە بۆ گشت وڵاتانی دیکەی جیهان".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا لەبابەتی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا دەتوانین زۆر رێکاری دیکە بگرینە بەر و گوتیشی "پێویستە (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین لەوە تێبگات ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەوی دەکات وڵاتەکەی رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی ئاوبووری دەکاتەوە و وڵاتانی خۆرئاواش دژی رووسیا بەدەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا".

بۆریس جۆنسن لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا گوتی "لە رێگەی سیستمی SWIFTەوە دەتوانین سزای زیاتر بەسەر رووسیادا بسەپێنین کە رەنگدانەوە و کاریگەری نەرێنی بەسەر ئابووری ئەو وڵاتە جێ بڵێهێت. لەو بڕوایەدام پێویستە زیاتر فشار لەسەر بانکەکانی رووسیا دروست بکەین. لە ھەفتەی داھاتووەوە پارەی سەرجەم بانکە گەورەکانی رووسیا بلۆک دەکەین".

بۆریس جۆنسن لەبارەی ئەو دانوستانانەی کە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەڕێوەدەچێت گوتی "چۆن رێککەوتن لەگەڵ لایەنێک دەکرێت کە تانکەکانی بە ئاراستەی کیێڤ لە رێگادان و بێ باکانە بۆمبارانی هاووڵاتییانی سڤیل دەکات... پێم وایە رێکەوتن لەگەڵ لایەنێکی وەکو رووسیا مەحاڵە".

وەهەروەها جۆنسن لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەریتانیا دەتوانێت پێشوازییان لێ بکات گوتی "ئاسان نییە هیچ ژمارەیەک بڵێم لەم بارەیەوە بەڵام بەریتانیا توانای وەرگرتنی تاوەکو ٢٠٠ هەزار پەنابەری هەیە".

لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رۆژنامەنووسێکی ئۆکراینی بەچاوی فرمێسکەوە بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای گوت "نازانین بۆ کوێ بچین و روو لە کام لا بکەین".

رۆژنامەنووسە ئافرەتەکە ئاماژەی بەوەدا لە ئۆکرایناوە پەنایان بردووەتە بەر پۆڵەندا و رەخنەی ئەوەیشی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گرت بەوەی لەندەن سزای بەسەر ملیاردێری رووسی، رۆمان ئابراموڤیچ کە خاوەن یانەی تۆپی پێی چێڵسییە نەسەپاندووە.

بۆرس جۆنسن لە وەڵامی رۆژنامەنووسە ئۆکراینییەکەدا گوتی "لە بارودۆخی ئێوە تێدەگەین. بەڵێنی ئەوە دەدەم وەکو بەریتانیا بەردەوام بین لە سەپاندنی سزا بەسەر بانک و سەرمایەدارانی رووسیادا".