رووسیا کۆنترۆڵکردنی شاری خیرسۆنی ئۆکراینای راگەیاند

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزارەتی بەرگریی رووسیا، کۆنترۆڵکردنی شاری خیرسۆن باشووری ئۆکرانیای لەلایەن سوپای رووسیا راگەیاند.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا دوایین زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر ئۆکراینا بڵاوکردەوە.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوە داوە بەپێی دوایین زانیارییەکان تا ئێستا، ٤٧٢ تانک و زریپۆش، ٦٣ تانکشکێن، ٦٠٢ تۆپ و ٣٣٦ ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینایان لەناوبردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکراشی کرد "بە چەکی قورس و هەستیار سیستمی تەکنەلۆجیایی دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا و ٧٢ەمین ناوەندی ئۆپەراسیۆنی تایبەت-مان پێکاوە و تاوەری تەلەڤیزیۆنمان لە کیێڤ لە چالاکی خستووە".

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاماژەی بەوەش دا شاری خیرسۆن لەلایەن سوپای رووسیا کۆنترۆڵ کراوە و گوتی: "کۆبوونەوەکان لەنێوان بەرپرسانی ناوچەکە و سوپای رووسیا بەردەوامە بۆ بەکارخستنەوەی ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکانی شارەکە".