دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق: پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی نادەستوورییە

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا، فه‌رمانی دیوانی ژماره‌ (29) بۆ ساڵی 2020 تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی و تاوانه‌كان ده‌ركراوه‌، هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیارداوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌رمانی دیوانی ژماره‌ (29) بۆ ساڵی 2020 كه‌ تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی و تاوانه‌كان ده‌ركراوه‌، چونكه‌ فه‌رمانه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی رێساكانی مادده‌ی (73/یه‌كه‌م/1) ده‌ستووره‌ كه‌ تیایدا پاراستنی ئازادی و كه‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌ستبه‌ركراوه‌، ئه‌وه‌یش پشت به‌ستن به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان كه‌ له‌ مادده‌ی 47ی ده‌ستووردا ئاماژه‌ی پێ كراوه‌، هه‌روه‌ها بنه‌مای سه‌ربه‌خۆیی دادگا و تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی، له‌وه‌ی به‌پێی مادده‌كانی 87 و 88ی ده‌ستوور لێكۆڵینه‌وه‌ و دادگاییكردنی له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی ئه‌وه‌شى راگه‌یاندوه‌ "به‌ڵام فه‌رمانه‌كه‌ وه‌ك هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌بیندرێت، به‌و پێیه‌ی ده‌سته‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ لێكۆڵنه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی دارایی و كارگێڕیی".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ دادگا ئه‌و بڕیاره‌ی پشت به‌ستن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ له‌ به‌ندی سێیه‌م له‌ مادده‌ی 93ی ده‌ستوور پێی دراوه‌ ده‌ركردووه‌.

ئه‌وه‌ى جێى باسكردنه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆتایى مانگى ئابى 2020دا ئه‌و لیژنه‌یه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ گه‌نده‌ڵیی و تاوانه‌كان پێكهێناوه‌.