وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کۆبوونەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەزیرانی دەرەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە مەبەستی تاوتوێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەری تورکیاش تێیدا بەشدارە، چاوەڕوان دەکرێت دوای پرسی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، گفتوگۆ لەبارەی پلانەکانی ناتۆ لە ناوەڕاستی ئەورووپا و خۆرهەڵاتی ئەورووپاش بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لەو لێداوانەی بەرلە کۆبوونەوەکە دابوویان ئاماژەیان بەوە دابوو دوا بەدوای هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ناتۆ بەشێوەیەکی زۆر خێرا توانی خۆی کۆبکاتەوە.

بڵینکن ئاماژەی بەوەدا پلانیان هەیە بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ناتۆ و گوتی "راستە ناتۆ هاوپەیمانێکە کە ئامانجی بەرگریکردنە و ئێمە لەگەڵ شەڕدا نین. بەڵام ئەگەر شەڕ یەخەمان پێ بگرێت ئامادەین رووبەڕووی ببینەوە".

- "ناتۆ هێزێکی هاوپەیمانە و ئامانجی بەرگریکردنە. ئێمە نامانەوێت شەڕ لەگەڵ رووسیا بکەین"

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ ئەمڕۆ ئاماژەی بەوەدا بوو کە "راوێژ لەبارەی وەڵامدانەی داگیرکارییەکانی رووسیا دەکەن".

ستۆڵتنبێرگ گوتی "ئەم بارودۆخەی دەگوزەرێت بەو واتایە دێت کە پێویست دەکات کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت و رووسیا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگو و رێگەی ستراتیجی بگرێتە بەر".

سکرتێری گشتیی ناتۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "نامانەوێت لەگەڵ هیچ کامێک لە هاوپەیمانانمان لە پرسی بەرگریکردن بکەوینە لێک تێنەگەیشتن".

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە وەزیرانی دەرەوەی سوید و فینلاند تێیدا بەشدار نەبوون، بە ئامادەبوونی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆسێپ بۆرێل بەڕێوەچوو.