راوێژکاری ئەڵمانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئەنجامدا

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئولاف شۆڵتز پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا.

گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستێفان ھێبەستریت لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئولاف شۆڵتز پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا.

 

ستێفان ھێبەستریت رایگەیاند کە ھەردوو سەرۆکەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک قسەیان کردووە و گوتیشی: "راوێژکاری ئەڵمانیا نیگەرانی قوڵی خستەڕوو. چەندین رۆژە زانیاریی و گرتەی خراپ لە ئۆکرایناوە دێن. ئولاف شۆڵتز بانگھێشتی رووسیای کردووە کە دەستبەجێ گشت شەڕ و پێکدادانەکان رابگرێت و رێگە بە گەیشتنی ھاوکاری مرۆیی بۆ ناوچەکانی پێکدادان بدات".

گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ئاشکراشی کرد کە پوتین و شۆڵتز ھاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی دیکە بەم زووانە و گوتیشی: "سەرۆک پوتین زانیاریی لەسەر پێشبینی ئەنجامدانی گەڕی سێیەمی کۆبوونەوەکان لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا بە راوێژکاری ئەڵمانیا داوە".