مامۆستایانی یەكگرتوو پشتگیری ماف و داخوازییەكانی مامۆستایانی كوردستان دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئه‌نجومه‌نی باڵای مامۆستایانی یه‌كگرتوو له‌باره‌ی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌كانی ئه‌مرۆی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێدا پشتگیری خۆی بۆ ماف و داخوازیه‌كانی مامۆستایان ده‌ربڕی.

مامۆستایانی یه‌كگرتوو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌داخه‌وه‌ له‌ درێژه‌ی قه‌یرانه‌كان و به‌رده‌وامی شكستی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، وێڕای نه‌مانی به‌ربه‌سته‌كانی ڕابردوو، كه‌ ده‌سه‌ڵات كردبوویه‌ به‌هانه‌ بۆ خواردنی مافی هاوڵاتیان و، شاردنه‌وه‌ی داهاته‌ زۆرو زه‌به‌نده‌كان، هاوكات به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی جیهانی و، زیادبوونی داهاته‌كانی ناوخۆ، كه‌چی جارێكی تر له‌ زاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، گوێبیستی په‌یامی نائومێدی بووینه‌وه‌و، به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی خۆیان و، ئه‌و باجه‌ی به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا داویانه‌، هاتوون داخی خۆیان به‌سه‌ر هاوڵاتیان و موچه‌خۆرانی هه‌رێمدا ده‌ڕژن، وه‌ك ده‌بینین موچه‌ دواده‌خه‌ن و، بێ ئه‌وه‌ی په‌ند له‌ ساڵانی ڕابردوو وه‌ربگرن، ڕه‌فتاره‌ هه‌ڵه‌كانی خواردنی موچه‌ی موچه‌خۆران دوباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

مامۆستایانی یه‌كگرتوو له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا پشتیوانی ته‌واو له‌ مافی مامۆستایان و موچه‌خۆران ده‌كه‌ن و داوكارن موچه‌ی ته‌واوه‌تی مانگانه‌ له‌ 30 رۆژی خۆیدا به‌ بێ دواكه‌وتن دابه‌ش بكرێت و مافی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م موچه‌خۆران بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت پێویسته‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وت كراوه‌كانی ساڵانی ڕابردوو بدرێته‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران و ته‌ئكید له‌ پێدانی ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ كاتی خۆیدا ده‌كاته‌وه‌.

مامۆستایانی یه‌كگرتوو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ساده‌ترین مافی موچه‌خۆرانه‌ و پشتگیری به‌رده‌وامی داخوازی مامۆستایان ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌ر زیان و كێشه‌یه‌ك بۆ به‌رده‌م پرۆسه‌ی خوێندن له‌ كوردستاندا كه‌ له‌ ئه‌نجامی بایكۆت دروست ده‌بێت ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كه‌ هیوادارین نه‌گاته‌ ئاستی شكستی خوێندن وه‌ك له‌ساڵانی ڕابردوودا بێباك بوون به‌رامبه‌ری.