یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانیرئۆکرانیا: گواستنه‌وه‌ی ئۆكرانیه‌كان بۆ رووسیا جێگای قبوڵ نیه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ مییدای سپێده‌

یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوچە جێناکۆکەکانی ئۆکرانیا، ئیرینا ڤێرێشوک، رایگەیاند کە، پێشنیازی گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئۆکراینا بۆ رووسیا "پێشنیازێکی نابەجێ و قبوڵنەکراوە".

ڤێرێشوک، لە چەناڵی خۆی لە تیلیگرام، راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە، حکوومەتی کیێڤ داوای لە حکوومەتی مۆسکۆ کردووە کە پابەندبێت بە ئاگربەستەوە و رێڕەوی مرۆیی بکاتەوە.

ناوبراو، ئاماژەی بەوەشداوە کە، رووسیا دوو جار رێڕەوەکانی گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنیی بۆردوومان کردووە و رێگری لە کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی کردووە،

ڤێرێشوک راشیگەیاندووە: "لە ئێستادا مۆسکۆ ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی دەربڕیووە بەڵام بە ئاراستەی رووسیادا. واتا دەیانەوێت هاووڵاتییانمان بگوازێنەوە بۆ ناو خاکی رووسیا. ئەمەش پێشنیازێکی نابەجێ و قبوڵنەکراوە".

ئیرینا ڤێرێشوک، باسی لەوەش کرد کە داوایان لە مۆسکۆ کردووە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆوە (بەکاتی ناوخۆی ئۆکراینا)، پابەندبن بە راگەیاندنی ئاگربەست، ئاماژەی بە داواکارییەکی تایبەتی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئەمانوئێل ماکرۆن کرد و رایگەیاند: "پێشنیازەکەی مۆسکۆ لە بارەی رێڕەوە مرۆییەکانەوە قبوڵنەکراوە. هاووڵاتیانمان لە شارەکانی ئیڤانکۆڤ، دیمەر، ڤەشهۆرۆد و کیێەڤەوە ناچنە بێلاڕووس و لەوێشەوە بە فڕۆکە ناچنە رووسیا. هیوادارم سەرکۆماری فەڕەنسا لەوە تێبگات کە هەوڵە دڵسۆزانەکانی بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی ئۆکراینا، چین، پاکستان، هیندستان و وڵاتانی دیکە، لەلایەن رووسیاوە قۆرخ دەکرێت و بەخراپی بەکاردەهێندرێت".

ڤێرێشوک، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو رێگایانەیان بە رووسیا راگەیاندووە کە پێویستە بۆ دروستکردنی رێڕەوی مرۆیی بکرێنەوە، لەمڕۆشەوە ئەو رێگایانەی بۆ رێڕەوەکان پێویستن بە کراوەیی دەمێننەوە.