دیجیتاڵ میدیای سپێده
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دانیشتنی تێڕوانین لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە دیاریکردنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، دواخست.
نووسینگەی راگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاوی کردەوە کە دادگاکە دانیشتنێکی تایبەتی لەبارەی سکاڵای ژمارە (٣٢) تایبەت بە دیاریکردنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری کە بڕیار بووە ئەمڕۆ ئەنجامی بدات، دواخستووە.
ئاماژەی بەوەش داوە کە ھەروەھا دادگا، ئاگادارکردنەوەی وەزیری دارایی، عەلی عەللاوی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی، مستەفا غالب موخیف کیتاب بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داھاتوودا ئامادەبن.
وەزارەتی دارایی عێراق لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١دا، ھەزار و ٤٤٦ دیناری عێراقی بەرامبەربە یەک دۆلار دیاریکردووە دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا، ھەزار و ١٨٢ دینار بەرامبەربە یەک دۆلار دیاریکرابوو.
ئەمەیش لە کاتێکدا ژمارەیەک لایەنی سیاسیی لەسەروویانەوەوە رەوتی سەدر داوا دەکەن نرخی دۆلار دابەزێت و بۆ نرخی پێشووی خۆی بگەڕێتەوە.