ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كۆبوویه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی کۆبوویەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی ئەمنی و پرسی ئاسایشی خۆراکی ھاووڵاتییان تاوتوێ کراون.

راشیگەیاندووە، ھەڵسەنگاندن کراوە بۆ گۆڕانکارییەکانی سەر ئاستی جیھان و کاریگارییەکانی رەوشی نێودەوڵەتیی ئێستا لەسەر خەرجییەکانی گواستنەوە، ھێڵەکانی بازرگانیی جیھانی و ھەروەھا لەسەر بازاڕەکانی عێراق، بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک کە لە ئەنجامی گرژییە نێودەوڵەتییه‌كان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو ھاتووەتە ئاوارەوە.

باسی لەوەش کردووە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی ھێزە ئەمنییە کانی راسپاردووە، ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە ھەوڵدەدەن لەسەر حیسابی ھاووڵاتییان بە نایاسایی نرخی خۆراک بەرز بکەنەوە.