دیجیتال میدیای سپێده
دژی بەرزی نرخی بەنزین لەشاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی شۆفێران دەستیپێكرد و فراكسیۆنی یەكگرتووش پشتگیری لە داواكاری شۆفێران دەكات و ڕایدەگەیەنێت: حكومەت دەتوانێت كێشەی بەرزی نرخی بەنزین و سوتەمەنی چارەسەربكات.
لەو بارەیە، ئەمڕۆ پێنج شەممە 10-3-2022 د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بە سپێدهی ڕاگەیاند: لای هەموان ڕون و ئاشكرایە كە هەرێمی كوردستان خاوەنی برێكی زۆر لە نەوت و كانزاكانی ژێرزەویەو ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت پاڵاوگەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و گازو نەوتی سپی ئامادەبكات و خۆی سوتەمەنی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات.
هەروەها ووتیشی: حكومەتی هەرێم پلانی نیە بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانە كەڵەكەبوەكانی هەرێم و ئەگەر بەرژەوەندی هاوڵاتیانی خۆی بوایە دەیتوانی لەڕێگەی دانانی پاڵاوگەی پێویست سوتەمەنی بە كەمترین نرخ بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، نەك لەگەڵ بەرزبونەوەی نەوتی جیهانی لێرەش نرخی بەنزین و سوتەمەنی بەرزبكاتەوەو هاوشێوەی ئەو وڵاتانە مامەڵە بكات كە خاوەنی یەدەكی نەوتی ژێر زەوی نین.
جەختیشیكردەوە: وەك لەپێشوتریشدا چەندینجار باسمان كردووە، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ڕوودەدات بەهۆی قۆرغكاری و خزمەتی كۆمپانیا شەحسی و حزبیەكانی بەرپرسانی دەسەڵاتە كە لەپێناو كۆكردنەوەی داهات بۆخۆیان ئامادەنین خزمەتی وڵات و هاوڵاتیانی خۆیان بكەن كە ئەوەش سەرەنجامەكەی شكستی حكومڕانی لێدەكەوێتەوە.
جێگەی باسە، لەئێستادا نرخی سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت بەنزین بەرزترین ئاستی تۆماركردوەو بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ لە بەشێك لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی شۆفێران دژی بەرزی نرخەكە دەستیپێكردو تائێستاش بەرپرسانی هەرێم گوێیان لەداواكاری شۆفێران نەگرتووە.