یه‌كێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌ردانی سه‌رۆكی ئیسرائیل بۆ توركیا ده‌گرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

یه‌كێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئیسرائیل بۆ توركیا په‌سه‌ندكراو نیه‌ و پێشوازییه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆكی توركیاش له‌و به‌رپرسه‌ "شتێكی سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌كراو بو و شیاو نیه‌ به‌و پێگه‌ له‌به‌رچاوه‌ی كۆماری توركیا دژی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل هه‌یبوه‌".

یه‌كێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌راگه‌یه‌نراوێكدا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "سه‌ردانی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی قه‌واره‌ی زایۆنی كه‌ قودس و قیبله‌ی یه‌كه‌ممانی داگیركردوه‌ بۆ كۆماری توركیا، لامان شتێكی سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌كراو بو، هه‌روه‌ها ئه‌و پێشوازییه‌ فه‌رمییه‌ی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی توركیا تایبه‌تی كرد بۆی."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "یه‌كێتی -به‌و پێیه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی زانایانی مسوڵمان ده‌كات و له‌گه‌ڵ پرس و دۆزه‌كانی ئوممه‌ته‌كه‌یه‌تی، له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ دۆزی فه‌ڵه‌ستین، هاوكات لایه‌نی هه‌ق و راستی ده‌گرێ‌له‌ هه‌ركوێ‌بێت، دژی هه‌رجۆره‌ ئاساییكردنه‌وه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ داگیركارانی قودس و ئه‌قصامان-، ئه‌م سه‌ردانه‌ هه‌نگاوێكی ئاساییكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌خوازراو و ناپه‌سه‌نده‌: به‌و پێیه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ دوژمنی زایۆنی داگیركار و زه‌وتكار ده‌كات، هاوكات زیانده‌گه‌یه‌نێ‌به‌ خه‌باتی درێژخایه‌نی گه‌لی فه‌له‌ستین".

یه‌كێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان ره‌خنه‌ له‌ توركیا ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌رو، "ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌دبه‌ختانه‌یه‌ شیاو نیه‌ به‌و پێگه‌ له‌به‌رچاوه‌ی كۆماری توركیا كه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندین هه‌ڵوێستی توند و شه‌ره‌فمه‌ند و به‌ زه‌بری دژ به‌ داگیركاریی و ده‌ستدرێژی ئیسرائیل نواندوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی كه‌ پشتگیری بون له‌ سه‌راپای گه‌لی فه‌له‌ستین و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سیاسه‌تی زایۆنیزمه‌كان".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "له‌ڕاستیدا پێگه‌و پایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كۆماری توركیا له‌ناو ئوممه‌تی ئیسلامیدا، ئه‌وه‌ی لێده‌خوازێ‌كه‌ به‌ هه‌مو تواناكانی زیاتر و زۆرتر بوه‌ستێ‌به‌ روی داگیركار و سه‌ركرده‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانیدا، به‌ روی ئه‌و تاوانانه‌یاندا كه‌ رۆژانه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌ روی ئه‌و پێشێلكاریانه‌دا كه‌ دژ به‌ هه‌مو به‌هاو پره‌نسیپ و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌".