وەزارەتی شارەوانی: ئێمه‌ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانیمان ڕانه‌گرتوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی شارەوانی ڕایگه‌یاند، بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە كاری هیچ پرۆژەیەک لە سەرتاسەری كوردستان بە كاری پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانییەوە، نە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لەبارەی ڕاگرتنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە كاری هیچ پرۆژەیەک لە سەرتاسەری كوردستان بە كاری پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانییەوە، نە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، نە لەلایەن هیچ سەرۆکایەتییەکی شارەوانی ڕانەگیراون و ئێمە بە سەرسووڕمانەوە ئەو هەواڵەمان لە میدیاكانەوە بیستووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوپەڕی ئاسانکاری و پشتگیری لە کۆمپانیا خۆماڵییەکان کردووە و بەردەوامیش دەبێت لە پشتگیریکردنیان، هەروەها بودجەی پێویستی بۆ سەرجەم پڕۆژەکان تەرخان کردووە.

وەزارەتی شارەوانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ناوهێنانی وەزارەت بە ناڕاستی و ڕاگرتنی كاری پرۆژە بەدەر لە گرێبەست، پێچەوانەی بڕگەکانی گرێبەستە و لەو بارەیەوە وەزارەت رێکاری پێویست دەگرێتە بەر.