ئێران وردەکاری ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری بڵاوکردەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئێران راگەیاند ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر-یان لە رێگەی مووشەکی بالیستیی جۆری فاتیح – ١١٠ی درووستکراوی ئێرانی ئەنجامداوە.


بەرپرسێکی ئێرانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی تەسنیم ، زانیاری لەسەر ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر بڵاوکردەوە.
بەرپرسەکە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە مووشەکەکان مووشەکی بالیستیی مەودا کورتی جۆری فاتیح – ١١٠ی درووستکراوی ئێرانی بوون و لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکەوە ئاراستەکراون.


بەرپرسە ئێرانییەکە، داکۆکی لەوەش کرد کە "بەھۆی ئەو ھێرشانەی کە ئیسرائیل لە عێراقەوە کردوویەتییە سەر ھێزەکانی ئێران ئەوان بەو ھێرشە بنکەیەکی ئیسرائیلی-یان لەناو خاکی عێراق کردووەتە ئامانج".

ئەو بەرپرسە ئێرانییە راشگەیاند کە لە ھێرشەکەدا ١٠ مووشەکیان بەکارھێناوە.

ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر

بەپێی راگەیه‌ندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ئاراستەی شاری ھەولێر کراون کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووه‌تەوە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئاژانسە هه‌واڵییه‌كانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرتووه‌ و رایگەیاندووه‌ کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.

لەوبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له‌ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە".

ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه‌، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە:

"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".

ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.