دیجیتال میدیای سپێده
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، باڵیۆزی ئێران له وڵاته‌كه، ئیره‌ج مه‌سجیدی بۆ وه‌زاره‌ته‌كه بانگ كرد و به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێره‌وه ناڕهزایهتیینامهیهكی پێدا.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی عێراق، باڵیۆزی ئێران له عێراق، ئیره‌ج مه‌سجیدی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وە بانگ كراوه به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێره‌وه، ناڕهزایهتیینامهیهكی دراوه‌تێ.
ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر
بەپێی راگەیه‌ندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانه‌وه ئاراستەی شاری ھەولێر کراون کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووه‌تەوە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئاژانسە هه‌واڵییه‌كانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرتووه و رایگەیاندووه کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
لەوبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە:
"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".
ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.