دیجیتال میدیای سپێده
لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبونەوەی سەرکردەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی، رایگەیاند جەختیان لە بەردەوامی کۆبونەوەی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی یەکجاری لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە کردەوە.
درەنگانی شەوی رابردو چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعییەکان، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: " لەکۆبونەوەكه، لایەنەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە تاوتوێی کۆبونەوەکانی چەند رۆژی رابردویان کردو جەختیان لەبەردەوامی کۆبونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش کە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتیمانی پێویستە و هاوکات مافی پێکهاتەکانی گەورەکانی حکومەت و کۆی لایەنەکانی دیکەش بپارێزرێت"
لە راگەیەندراوەکەدا ئهوهش هاتووە: " لەبارەی هێرشە موشەکیەکانی سەر شاری هەولێر داوا کراوە بەپەلە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکبهێنرێت لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە بۆ گەیشتن بە راستی روداوەکە و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێ و لەهیچ لایەک خۆشنەبن کە سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات، کۆی ئەو دەروازانەش دابخرێت کەلەرێگەیەوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکرێت.
لە بهرهبهیانی ڕۆژی یەکشەممەوە چهند موشهكێك ئاراستهی هەولێر كرا و چەند کاتژمێرێک دواتر پاسەوانی شۆڕشی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بۆ سەر "ناوەندی ئیسرائیلی" گرتە ئەستۆ