نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی چوونەتە وڵاتانی دراوسێ

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی ئاشکراکرد کە بەهۆی جەنگی رووسیا-ئۆکرایناوە دوو ملیۆن و ٨٠٨ هەزار و ٧٩٢ پەنابەر لە ئۆکرایناوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێ.

کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیاندراوێکدا لەبارەی قەیرانی پەنابەران لە ئۆکراینا ئەوەی خستووەتەڕوو کە، لە ٢٤ی شوباتەوە تا ١٢ی ئادار، دوو ملیۆن و ٨٠٨ هەزار و ٧٩٢ پەنابەر لە ئۆکرایناوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێ، زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەش لە پۆڵەندا نیشتەجێبوون.

هەروەها لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکەوە لە ١٨-٢٣ی شوباتەوە ٩٦ هەزار پەنابەر روویان لە رووسیا کردووە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەگەر رەوشی ئۆکراینا ئاڵۆزتر ببێت مەترسی ئەوە هەیە چوار ملیۆن هاووڵاتی ئەو وڵاتە ئاوارە ببن.

لە لایەکی دیکەشەوە کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە ٢٤ی شوباتەوە تا ١٢ی ئادار لایەنی کەم ٥٩٦ هاووڵاتی مەدەنی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٦٧ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەگەری هەیە ژمارەی راستەقینەی کوژراو و بریندارەکان زۆر لەوە زیاتربن کە لە ئامارە فەرمییەکاندا تۆمار کراون.