مستەفا کازمی: پێویستە سەرجەم لایەنەکان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای کرد لیژنەیەک لە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێر پێکبھێندرێت و راپۆرتێکیش لەبارەی لێکەوتەکانی بۆردمانەکە پێشکەش بکات و رایگەیاند کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە مستەفا کازمی بەیاوەری وەزیری بەرگریی، جومعە عیناد و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی سەردانی شاری ھەولێری کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبوویەوە.

راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکاندا، رەوشی وڵات و لێکەوتەکانی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر تاوتوێ کراون و لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەو دەستدرێژییەی رەت کردووەتەوە کە بووەتە ھۆی تۆقاندنی خەڵکی مەدەنیی و رایگەیاندووە کە ھێرشەکە، سنووری یاسا و دابونەریتە نێودەوڵەتییەکانی بەزاندووە.

باسی لەوەش کردووە کە مەستەفا کازمی داوای کرد لیژنەیەک لە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی و لایەنە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێر پێکبھێندرێت و راپۆرتێکیش لەبارەی لێکەوتەوەکانی بۆردمانەکە پێشکەش بکات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ھەولێر، سەردانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی کردووە و لە نزیکەوە چاوی بەو کەسانە کەوتووە کە بەھۆی ھێرشەکەوە زیان بەر خانووکانیان کەوتووە و زانیاری و وردەکاری لەبارەی ھێرشەکەوە، پێ دراوە و لەوبارەیەوە مستەفا کازمی گوتوویەتی: "ئەوە دووپات دەکەینەوە کە بەغدا لێرە لە ھەولێر ئامادەیی ھەیە، ھەروەھا ھەولێریش لە بەغدا ئامادەیی ھەیە".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و رایگەیاندووە کە لە رێگای دیپلۆماسییەوە بە فەرمی لایەنی پەیوەندیدارییان لەبارەی ھێرشەکەوە ئاگادارکردووەتەوە کە گرنگە ھاریکاریی لەبواری ئەمنییدا لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە ھەبێت بۆ ئەوەی بە ھاوبەشی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەیاوەری ھەریەک لە وەزیری بەرگریی، جومعە عیناد و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری باڵای دیکەی سەربازیی و ئەمنی گەیشتە ھەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.

ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر

بەپێی راگەیه‌ندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ئاراستەی شاری ھەولێر کراون کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووه‌تەوە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئاژانسە هه‌واڵییه‌كانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرتووه‌ و رایگەیاندووه‌ کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.

لەوبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له‌ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە".

ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه‌، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە:

"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".

ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.