كارمه‌ندێكی ته‌له‌ڤیزیۆنێكی رووسی له‌ په‌خشی راسته‌وخۆدا پانكارتی "نه‌خێر بۆ جه‌نگ"ی به‌رز كرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌ كاتی په‌خشی هه‌واڵه‌كانی ئێواره‌ له‌ كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤیزیۆنی رووسیا، كارمه‌ندێكی كه‌ناڵه‌كه‌ چووه‌ پشت پێشكه‌شكاری هه‌واڵه‌كان و پانكارتی "نه‌خێر بۆ جه‌نگ"ی به‌رز كرده‌وه و ئیدانه‌ی جه‌نگی رووسیا و ئۆكراینای كرد.

له‌ كاتی په‌خشی هه‌واڵه‌كانی ئێواره‌دا له‌ Perviy Cannel كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌ فیدڕاڵییه‌كانی رووسیا كارمه‌ندی كه‌ناڵه‌كه‌، مارینا ئۆڤسیاننیكۆڤا به‌ پانكارتی ده‌ستییه‌وه‌ چووه‌ پشت ئه‌و پێشكه‌شكاره‌ی هه‌واڵه‌كانی ده‌خوێنده‌وه‌.

له‌ كاتێكدا پێشكه‌شكاره‌كه‌ هه‌واڵه‌كانی ده‌خوێنده‌وه‌، ئه‌م كارمه‌نده‌ پانكارته‌كه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ لێی نووسرابوو "نه‌خێر بۆ جه‌نگ" و هاواری كرد "جه‌نگ رابگرن".

راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌و خانمه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌.

مارینا ئۆڤسیاننیكۆڤا له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت "باوكم ئۆكراینی و دایكم رووسییه‌. هیچ كاتێك دوژمن نه‌بووم".

مارینا ئۆڤسیاننیكۆڤا ئاماژه‌ی به‌وه‌یش داوه‌ كه‌ داواكاره‌ "جه‌نگی رووسیا بۆسه‌ر ئۆكراینا تا زووه‌ رابگیرێت".