ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستەوسانن لەچارەسەركردنی قەیرانەكان

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌   سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە 15-3-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێك سەردانی چەمچەماڵی كردو لەدیدارێكدا لەگەڵ ڕێكخستنەكانی چەمچەماڵی یەكگرتووی ئیسلامی و بەشێك لەپیاوماقوڵان و كەسایەتیەكانی شارەكە ڕایگەیاند: دەبێت یەكگرتووەكان دڵخۆش بن بەڕێبازو پەیامەكەیان كە بۆ دونیایان ئارامی و بەختەوەری دروست دەكات و بۆ دواڕۆژیش ڕەزامەندی خودایی بەدەست دەهێنن، یەكگرتووەكان تێگەیشتنی دروستیان بۆ دین و وڵات هەیە كە بەهۆیەوە مامەڵەی دروستی پێدەكەن بۆ ئەوەی خزمەتی گەل و وڵاتی خۆیان بكەن و دژایەتی ستەم و گەندەڵی بكەن و یەكگرتوو قوتابخانەی دروستكردنی فكری دروستە كە ئەو فكرە دروستە جوڵەی دروست بەرهەم دەهێنێت.   لەدیدارەكەدا مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەوەشی خستەڕوو: بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆزەو پڕقەیرانە، بەڵام كارەكتەرە سیاسیەكان لەبری چارەسەری قەیرانەكان قەیران و ئاریشەی دیكە دروست دەكەن و قەیرانەكانی هەرێم زۆر قوڵبونەتەوەو دەسەڵاتداران دەستەوسانن لەچارەسەركردن و ئەم بەڕێوەبردنە نادروستە قەیران و ئاریشەی دیكە دروست دەكات كە بەداخەوە لە ئاست ڕوداو پێشهاتە نوێیەكان نین و ڕۆژبەڕۆژ ئاسۆكان تاریك دەبن و هەموو نەهامەتیەكانی ئەم وڵاتە دەسەڵاتداران لێی بەرپرسن.