ژماره‌ی سزا سه‌پێندراوه‌كان به‌سه‌ر رووسیادا گه‌یشتنه‌ شه‌ش هه‌زار و 400

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

رووسیا كه‌ به‌هۆی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئۆكراینا بووه‌ته‌ یه‌كه‌مین وڵات له‌ جیهان كه‌ زۆرترین سزای به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت، ژماره‌ی سزا سه‌پێندراوه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا گه‌یشتووه‌ته‌ شه‌ش هه‌زار و ٤٠٠.

له‌ كاتێكدا ٢٠ رۆژ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا شه‌پۆلی سزاكانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سه‌ر مۆسكۆ به‌رده‌وامه‌. رۆژ به‌ رۆژ بازنه‌ی سه‌پاندنی سزاكان فراوانتر ده‌بێت و كه‌رته‌كانی وه‌ك ئابووری، وزه‌، گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و بازرگانی ده‌گرێته‌وه‌.

به‌پێی داتاكانی Castellum.ai كه‌ داتاكانی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه‌ له‌ ٢٢ی شوباته‌وه‌ رووسیا سێ هه‌زار و ٦٤٦ سزای نوێی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌. به‌م جۆره‌ ‌ژماره‌ی سزا سه‌پێندراوه‌كان به‌سه‌ر رووسیادا گه‌یشتووه‌ته‌ شه‌ش هه‌زار و ٤٠٠، له‌ كاتێكدا سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێران سێ هه‌زار و ٦١٦ن، سزاكانی سه‌ر سووریا دوو هه‌زار و ٦٠٨ و سزاكانی سه‌ر كۆریای باكووریش دوو هه‌زار و ٧٧ن.

له‌ ٢٢ی شوباته‌وه‌ زۆرترین سزا له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا سزا به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پێندران كه‌ ژماره‌یان ٦٧٨ سزایه‌.

فه‌ڕه‌نسا ٥٧٢ سزا، سویسرا ٥٦٨ سزا، كه‌نه‌دا ٥١١ سزا و ئوسترالیاش ٤٦٤ سزای نوێی به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاندووه‌.

ئه‌مریكایش له‌و رێكه‌وته‌وه‌ بڕیاری داوه‌ ٢٧٨ سزا به‌سه‌ر رووسیادا بسه‌پێنێت.

له‌ كاتێكدا سێ هه‌زار و ٢٥٧ له‌و سزایانه‌ به‌سه‌ر تاكه‌كاندا سه‌پێندراون، ٣٧٩ سزا به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كان و حه‌وت سزا كه‌شتیه‌كان و سێ سزایش فڕۆكه‌كانیان به‌ ئامانج گرتووه‌.