بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بازار ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای سلێمانی ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌
دوای گرانبوونی چەندین شمەک و کاڵا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا و وەک رێگرییەک لە بەرزبوونەوەی زیاتر و قۆرخکردنی بازاڕ لەلایەن بازارگانانەوە، ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێری ئابووری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و چەند بریارێکی دەرکرد

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریی ئابووریی پارێزگای سلێمانی، پاڵپشت بە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی ٩ی ئازاری ئەنجوومەنی وەزیران و راگەیەندراوی کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە دۆخی بازاڕ لە ١٣ی ئادار، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بە بەشداریی قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی، تایبەت بە دابینکردن و گواستنەوەو هێنانە ناوەوە و هەڵگرتن و خستنەڕوو و کوالێتی و قەبارە و نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان و چاودێریکردنی بازاڕ، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراک و پێداویستییەکان و بەرژەوەندیی گشتیدا، کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێری ئابووری پارێزگای سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا چەند بریارێک دەرکردا کە خۆی لە ١١ خاڵدا دەبینەوە کە ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم: جەختکردنەوە لەسەر یاداشتی پارێزگاری سلێمانی بە نووسراوی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەت ژمارە (٢٥) لە (١٣/ ٣/ ٢٠٢٢)ی تایبەت بە پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخانە، کە هاوپێچی ئەم نووسراوە کراوە.

دووەم: لە ڕۆژی (١٥/ ٣/ ٢٠٢٢)وە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بە هەماهەنگیی قایمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی لەو (٥) بەنزینخانەیەی بۆ دابینکردنی بەنزینی پشتیوانیکراو لە سنووری شاری سلێمانیدا دیاریکراوە رۆژانە (١) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە تایبەت و، (٢) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی، رۆژێک بۆ ژمارەی تاک و رۆژێک بۆ ژمارەی جووت و، (٢) بەنزینخانە بۆ پاسەکانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی تەرخان دەکرێت.

سێیەم: بە دەستپێشخەریی بازرگانان و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی بڕێک ئارد بێ بەرامبەر بۆ هەر نانەواخانە و سەمونخانەیەک دابیندەکرێت. لیژنەکانی قایمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی، رێکاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە دیاریدەکەن.


چوارەم: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە کۆمپانیای دابینکردنی غاز دەکرێت، کە پابەندی تەواوی ناوەڕۆکی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پەیوەست بە دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتییان و دابینکردنی غاز بە نرخێکی پشتیوانیکراو بۆ نانەواخانەکان، بێت.

پێنجەم: داوا لە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرا، بۆ جێبەجێکردنی کرداریی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە دەسەڵاتی تەواو بەپێی تایبەتمەندیی وەزارەتەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی و بەڕێوەبەریەتی پارێزگاکان داببەزێنن، بۆئەوەی بتوانن رۆڵی کارای خۆیان لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخەدا ببینن.

شەشەم: ژوری ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریی ئابووریی، دەسەڵاتی تەواو دەدات بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، کە سەرۆکایەتیی لیژنەی هاوشێوە لە یەکە کارگێڕییەکانیاندا بکەن بەهەماهەنگیی فەرمانگا پەیوەندیدارەکانیان لە سنوورەکەیاندا و چاودێریی وردی قەبارەی خستنەڕوو و کوالێتی و نرخی کاڵاکان بکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر قۆرخکار و سەرپێچیکار بگرنەبەر.

حەوتەم: پێویستە رێگریی و بەربەستی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت لە جوڵەپێکردنی کاڵاکان و بەرهەم و پێداویستیە کشتوکاڵیی و پەلەوەریی و ڤێتێرنەرییەکاندا و دەرفەتی هاوسەنگ و هاوبەش بۆ هەموو لایەک فەراهەم بکرێت بەبێ جیاوازیی.

هەشتەم: دیاریکردنی رەسید لە وەزارەتەکانەوە بۆ پێداویستیە سەرەکییەکان لاببرێت و، چاودێریکردنی کوالێتی و نرخ بکرێتە بنەما.

نۆیەم: رێگا بە کێڵگە پەلەوەرییەکان بدرێت خۆیان پێداویستییەکانی خۆیان بەپێی توانای بەرهەمهێنانیان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات دابین بکەن.

دەیەم: پێویستە ئەو بانکە ئەهلییانەی دۆلار بە نرخی فەرمیی لە بانکی ناوەندیی عێراق وەردەگرن، بەپێی مانیفێستی فەرمیی داخڵکردنی کەرەستە خۆراکییە سەرەکییەکان، دۆلار بۆ بازرگانان بە نرخی فەرمیی دابینبکەن.

یانزەهەم: داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکرێت فەرمانبەری پێویست بۆ فەرمانگاکانی (چاودێری بازرگانی، دابەشکردنی ئارد، دابەشکردنی خۆراک) دابین بکەن و پشتیوانیی دارایی و تەکنیکییان بکەن بۆئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.