هەڵەبجە زامێكی له‌بیرنه‌كراو

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەمڕۆ 34 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و شەهید كردنی 5000 پەپولەی نیشتیمان و برینداركردنی هەزاران هاوڵاتی تر كە هەتا ئێستاش بەدەم ئازارەوە دەناڵێنن و گیان دەدەن.

لە 16-3-1988 دا رژێمی لەناوچوی بەعس هەستا بە كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و بوە هۆی شەهید كردنی 5000 پەپولەی نیشتیمان و ژمارەیەكی زۆریش ئاوارەی سنورەكانی ئێران بوون ئەمە جگە لەوەی چەندین كەس بەو چەكە برینداربوون و تا ئێستاش بە ئازارەكانیانەوە دەناڵێنن و لەلایەن حكومەتی هەرێمیشەوە چارەسەری پێویستیان بۆ دابین نەكراوە.

كیمیابارانكردنی هەڵەبجە چەندین مناڵی بێ باوك و دایك كرد و چەندین منداڵی بەتاقانەیی هێشتەوە و چەندین دایك و باوكیشی لە رۆڵەكانیان كردو چەندین خێزانیش سەرجەمیان گیانیان لە دەستداو تەنانەت باڵندەو گیاندارەكانیش كۆتا رۆژیانبوو، ئەم كارەساتە چەند باس بكرێت و یادبكرێتەوە هێشتا كەمە.

دوای 34 ساڵ لە كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە وێڕای ئەو کارەساتە نیشتیمانییە کە دەبوو زۆرترین قەرەبووی ژیانی و ئاوەدانی بەرکەوێ ، کەچی پشكی شێری لە نادادی و نەبوونی بەرکەوتووە و بەو هۆیەوە كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بایكۆتی یادەكە دەكەن و دەڵێن، "ساڵانە یادێكی كارتۆنی بۆ كەسوكاری قوربانیان دەكرێتەوە كە بێكاری و بێ مووچەی بەرۆكی كەسوكاری قوربانیانی گرتۆتەوەو ئەو یادەی ساڵانە تەنها ڕۆژێكەو دواتر هەڵەبجە لەبیردەچێتەوە"

چاودێرانیش پێیان وایە:بایکۆتی بنەماڵەی شەهیدانی كیمیاباران بۆ ئەم یادە نیشتیمانییە ، نامەیەکی کراوەی ناڕەزایەتییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم کە هەڵەبجەیان کردۆتە قوربانی ململانێی نادروستی سیاسی و ئیداری نێوان خۆیان پەراوێزیان خستوە لە خزمەتگوزارییەكان.