راگەیەندراوی هاوبەشی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا و بەریتانیا سەبارەت بە پێکدادانەکانی سووریا

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە ١١مین ساڵیادی جەنگی ناوخۆی سووریادا، وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا و بەریتانیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە سووریاییەکان بۆ داواکردنی حکوومەتێک کە ئازادیی، چاکسازی سیاسیی و مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاوبگرێت، ١١ ساڵ بەرلە ئێستا رژانە سەر شەقامەکان، بەڵام رژێمی ئەسەد بە هێرشێکی بێ بەزەییانە وەڵامی گەلەکەی خۆی دایەوە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە رژێمی سووریا و پشتیوانانی بەرپرسن لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر کەس و ئەو مەینەتیانەی لەو ماوەیەدا روویانداوە و ئیدی کاتی کۆتایی هاتنی هێرشە بێ بەزەییەکانی ئەسەد هاتووە بۆسەر گەلەکەی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ساڵیادی جەنگەکە، هاوکاتە لەگەڵ هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا و سەرنج خراوەتە سەر کاولکاریەی هێرشەکانی رووسیا لەو دوو جەنگەدا دروستی کردوون.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەبیرهێنراوەتەوە و داوای ئاگربەست کراوە لەسەرانسەری وڵاتەکەدا، لەگەڵ ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهەڕەمەکی دەستگیرکراون و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەوانەی بێ سەروشوێنن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئەو پێنج وڵاتە پشتیوانی ناکەن لە هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە تا پێشوەچوون بەدینەیەت لەبارەی چارەسەرێکی سیاسیی لە سووریادا، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو رژێمەدا ئاسایی ناکرێتەوە و سزاکان هەڵناگیرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە کە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تا ئێستا بەرپرسیارێتی رژێمی ئەسەدی بۆ چەندین هێرشی کیمیایی دژبە گەلی سووریا پشتڕاستکردووەتەوە و بە پێویستی زانیوە بەرپرسیاران لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوای بەشداریکردنی هەموو لایەنەکانی سووریا کراوە بە رژێمەکەی ئەسەدیشەوە لە کۆبوونەوەیەی لیژنەی دەستووری ئەو وڵاتە کە بڕیارە ٢١ی ئادار لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەبچێت.