دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا رایگەیاند کە ھەڵەبجە شایستەی ئەوەیە، رێکارەکانی بەپارێزگابوونی تەواو بکرێت و ھەوڵی بەدیھێنانی ئەوەش دەدەن.
مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بۆ ٣٤مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیوویەتی "ھەڵەبجە، شەھید و قوربانیی دەستی ستەمکارە و بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر خەباتی گەلەکەمان لە پێناو بەھاکانی دادپەروەریی، هەروەها سیمبولی برایەتی و یەکگرتوویی عێراقییەکانە کە ھیوایان بە عێراقێکی دیموکراتە و تیایدا ئیرادەی گەل، بەرژەوەندی، کەرامەت و مافەکەی رەچاو بکرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە "ھەڵەبجە شایستەی ئەوەیە رێکارەکانی بەپارێزگابوونی وەک رێزلێنانێک لە قوربانییەکانی تەواو بکرێت و ھەوڵی بەدیھێنانی ئەوەش دەدەین".
لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢١دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی دا لەسەر بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، بەڵام تا ئێستا رێکارەکانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، تەواو نەکراوە.